کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کوردی شاری نەغەدە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا

11:52 - 26 بەفرانبار 2724

دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە بە ناوەکانی سەلام ئازەری، محەممەد ئەمینی فەر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

سەلام ئازەری بە یەک ساڵ و شەش مانگ و محەممەد ئەمینی فەر بە ٢٩ مانگ بەندکران سزا دران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا محەممەد ئەمینی فەری بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران و "پروپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.

هەروەها سەلام ئازەریش هەر بەو شێوەیە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکران سزا دراوە.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر شوێنی کاری سەلام ئازەری و دەسبەسەریان کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو، هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەشی کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

دواتر لە ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، سەلام ئازەری بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی محەممەد ئەمینی فەر و پاش بێڕێزیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ورمێ کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو.