ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بەفرانبار جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ئابرام پیلی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاکوان و یاریدەدەری کۆمەڵایەتیی کورد بوو.
ئابرام پیلی لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، کە ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە کە دوای "دادگای ساختە"ی خۆی و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا، ئەو سزایە هەڵبوەشێنێتەوە.
پیلی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران دەبێت واز لە بەئامانجگرتنی کەمینە نەتەوایەتییەکان وەکوو کوردەکان و بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ بێدەنگکردنی دژبەرانی خۆی بهێنێت.
هەروەها کۆمەڵێک لە کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بەفرانبار لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە لایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەربڕی.
هەروەها ماڵپەڕی شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە کە: "تۆمەتی خاتوو پەخشان عەزیزی لە ئاستی قورسترین تاوانەکاندا نییە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان سزای لەسێدارەدانی بۆ دەربکرێت و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سزای لەسێدارەدانی ناوبراو پێشێلکارییەکی جیددیی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە."
لە لایەکی دیکەوە شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە دەسبەسەرکردن و سزادانی پەخشان عەزیزی تەنها بەهۆی چالاکییە ڕەواکانیەوە بووە وەک یاریدەدەرێکی کۆمەڵایەتی کە پاڵپشتیی لە پەنابەرانی لە عێراق و سووریە دەکرد.
هەرورەها ئەوان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بەو ڕاپۆرتانە کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەیی توندی ناوبراو لە ژووری تاکەکەسییەکاندا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرملێ و هەروەها بێبەشبوونی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرەکەی بڵاو کراونەتەوە دەربڕی.
ئەو کارناسانە ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی ڕابردوو چەند ئەندامێکی بنەماڵەی عەزیزیش بەشێوەیەکی کاتی دەستبەسەر کراون و ڕووبەڕووی تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی بوونەتەوە، کە ڕەنگە ئەو کارە زۆرتر بۆ ئەوە بووبێت کە گوشار بخرێتە سەر پەخشان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەو کارناسانەدا هاتووە کە: بەکارهێنانی ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی دانپێدانان و زەوتکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، دەرخەری خۆسەرانە و نایاسایی بوونی سەپاندی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزییە.