گۆڤاری ئێکۆنۆمیست لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا پەرژاوەتە سەر ئاکامی سزا نوێیەکانی دەوڵەتی ترامپ بە دژی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و پێشبینی کردووە کە نەوتی هەناردەکراوی کۆماری ئیسلامی تا یەک میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا دادەبەزێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پاش بڕیاری دەوڵەتی بایدێن سەبارەت بە چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی کە نەوتی ئێران ڕادەگوازن لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردووی زایینی، هەناردەکردنی نەوتی ئێران تا یەک میلیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا کەمی کردووەتەوە.
ئێکۆنۆمیست باسی لەوە کردوە کە پاش هاتنەسەرکاری جۆ بایدێن و بەتایبەتی لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٨ی زایینی کە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بوو، ١٢ قات زیادی کردبوو.
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە جۆ بایدێن لە سەرەتاکانەوە چاوپۆشیی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران کرد بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و بە سزادانی ٥٥ نەوتکێش کە بەشدارییان لە گواستنەوەی نەوتی ئێران دەکرد، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی کەم کردەوە.
ئێکۆنۆمیست باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی دەوڵەتی بایدێن تێگەیشتوون کە سیاسەتی نەرم و هەڵسوکەوتی هێمنانەی دەوڵەتی ئەمریکا لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی تووشی شکست بووە.
نووسەرانی ڕاپۆرتەکەی ئێکۆنۆمیست لەسەر ئەو بڕوایەن کە بە هاتنی ترامپ دۆخەکە بە تەواوی گۆڕانی بە سەردا دێت و ئەگەری زۆرە کە دەوڵەتی ترامپ بەشێکی زۆر لەو نەوتکێشانەی کە نەوتی ئێران دەگوازن و هەروەها ئەو بەندەرانەی چین کە نەوتی ئێران وەردەگرن، سزا بدات.
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە ئەم هەوڵانە دەتوانێت تا هاوینی داهاتوو ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ یەک میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزێنێت.