کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەترەنجی شێتان

15:11 - 26 بەفرانبار 2724

شەترەنجی شێتان

شیوا مورادیان

بۆ یەکەمجار ٦٠٠ساڵ پێش لە زایین و لە وڵاتی هێندوستان یارییەک بەناوی "شاتورانجا" دروست کرا. چیرۆکی دروستبوونی شاتورانجا لە سەرچاوەکاندا ئاوەها باسی لێکراوە کە پاشای ئەوکاتی ‌هێندوستان نەخۆش دەبێت و هیچ دوکتورێک ناتوانێ نەخۆشییەکەی چارەسەر بکات، جابۆیە داوا لە خەڵک دەکەن هەرکەس بتوانێ نەخۆشی پاشا چارەسەر بکات ئەوە خەڵاتێکی باش وەردەگرێت. دوای ماوەیەک کەسێک دەچێتە لای پاشا و شەترەنجێک کە بۆ خۆیی دروستی کردوە بە پاشای دەدات. پاش ماوەیەک یاریکردن و قووڵبوونەوەی پاشا بە یاری شەترەنج، نەخۆشییەکەی چارەسەر دەبێت و دیزاینێرەکە خەڵاتی پاشا دەباتەوە. وشەی شەترەنج لە زمانی کۆنی هێندییەکانەوە وەرگیراوە کە پێی دەوترێت سانسکریت، لە زمانی سانسکریتدا شەترەنج بە شاتورانجا هاتووە کە واتای چوار بەشی سپا بووگە (سەرباز، فیڵ، ئەسپ و قەڵا). بناغەی یارییەکەش لەسەر کیش و ماتکردنی پاشاکەیە، کاتێک بە تەواتەی پاشا دەوستێندرێت و هیچ خانەیەکی نابێ بۆ ڕۆیشتن و هیچ مۆرەیەک نییە بیپارێزێت، لە ئاکامدا پاشا دۆڕاوی یارییەکە دەبێ.

کۆماری ئیسلامییش پاش زیاتر لە ٤٧ ساڵ یاریکردن بە مۆرەکان و دانانیان لەسەر خانە گرینگەکانی یاری شەترەنجی شێتان، تا کیش ‌و مات‌ بوونی یەکجاری، مەجالێکی زۆری نەماوە. بەدرێژایی دەسەڵاتدارەتیی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەسەر خاک و خەڵکی ئێراندا، بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە تاکوو نەک تەنیا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکوو تەواوی جیهان تووشی ناسەقامگیری بکەن و لە کۆتاییدا بە بڕوای ئەوان مێهدی ئاخر زەمان دەرکەوێت و جیهان ئارام بکاتەوە لە کێشە و ئاژاوەیەک کە بۆخۆیان هۆکارە سەرەکییەکەی بوون. ساڵانێکە سیستەمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی گرووپە بەستراوە و گوێ لەمستەکانییەوە شەڕی بە هەموو جیهان فرۆشتووە و خەونی گەورەی دروستکردنی "هیلالی شێعە" و بە دروستکردنی دوژمن‌گەلی فەرزی بۆ خۆی شەرعییەتی بە شەڕەکانی خۆی داوە و خەڵکانی نێو دەسەڵاتەکەی خۆی پێ هەڵخڵەتاندوە و پاساوی بۆ هەموو جینایەتێکی هێناونەتەوە. ئێران و هێزە نیابەتییەکانی بۆ خوڵقاندنی کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبر ئامادەکارییەکەیان کردبوو و پێیان وابوو ئەمجارەش وەکوو ئەو شەڕانەی کە ساڵانی پێشوو دەیانکرد و دوای ماوەیەکی کورت ئاگربەست دەکرێ و هەموو شتێک بە قازانجی هێزە نیابەتییەکان و ئێران تەواو دەبێ و بەم شێوەیە زەبرێکی قورس لە ئیسڕائیل دەدەن و ئێرانیش هەم لە ناو هێزە نیابەتییەکان و هەمیش لە ناوچەکە زیاتر هێژموونی خۆی دەسەپێنێ. بەڵام بەپێچەوانەوە دوای دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسڕائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی، حکوومەتی تۆتالیتێری وڵاتی دەستکردی ئێران تووشی کۆتایی هاتنی مۆرە چێنراوەکانی دەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوە ئەو ڕیزە پارێزەرەی پێش بە تۆتالیتێر کۆتاییان پێبێت و یاریزانی تۆتالیتێری شەترەنج کیش و مات بکرێت. دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لەنێو باوەشی خامنەیی لە تاران و کوژرانی حەسەن نەسرۆڵڵا لە بەیروت، یەحیا سێنوار لە غەززە و ڕێبەرانی دیکەی حەماس لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەرەی مقاومەت یان سەربازانی پێشەوی پارێزەری لە پاشای شێتی حکوومەتی تۆتالیتێر، ئێستا ئیتر پاسەوانێکی ئاوا نەماوە بۆ بەرگری لە کیش و مات کردن. یاریزانی بەخەیاڵ پاشای یاریی، بە نەمانی بەشار ئەسەد، کۆتا مۆرەی یارییەکەی لە سوورییە و تێگەیشتن لەو بابەتەی کە وشترەکەی پێش دەرکەی بەشار ئەسەد بەم‌زووانە دەگاتە بەر دەرکەی خۆی و لە کۆتاییەکانی خۆیدایە و بە نەمانی مۆرە هەرە گرینگەکانی ناچار بووگە لە ترسا حاشا لە هێزە نیابەتییەکانیشی بکات و واش دەنوێنێنی کە هیچ پێوەندییەکیان بە یاریزانە شێتەکەوە نەبووە و نییە، چۆن لە سەرەتادا بۆ هەمووان ڕوون بوو، ئێستا بۆ خامنەیی واتە پاشای شێتی یارییەکە و دۆڕوای سەرەکی، ڕوونە کە لە دەستپێک تا کۆتایی کیش و ماتی دەمێنێتەوە بۆ دیکتاتۆر و تۆتالیتێر.