سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری عەباس مەسجدی باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ١٤٠٢ دوای ١٠ ساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێران بە ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە ٢٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
عەباس مەسجەدی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو بەهۆی زیادبوونی سەفەرکردن و گەشتەکان و هەروەها بوونی ڕێگاوبان و ماشینی نەگونجاو و نەستاندارد ئامارەکان زیادیان کردووە.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە نەورۆزی ساڵی ١٤٠٢ زیاتر لە ١٢٠٠ کەس لە ڕووداوی هاتوچۆدا تەنیا لە پشووی نەورۆزیدا گیانیان لەدەست داوە؛ ئەمەش زۆرترین ژمارەی قوربانیی ڕووداوی هاتوچۆ لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بووە.
لە لایەکی دیکەوە پۆلیسی ڕێگاوبانی ئێران بە پێی ئامارەکانی پزیشکی دادوەری ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی ١٤٠٢ زیاتر لە ١٨ هەزار و ٥٠٠ کەس بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.
سەعید مۆنتەزێرەلمەهدی، وتەبێژی پۆلیس، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند: "گیانلەدەستدانی ساڵانە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران یەکسانە بە کۆی گشتیی گیانلەدەستدانی هاتوچۆی ٢٧ وڵاتی ئورووپایی.
هەروەها حەسەن مۆئمێنی، بەرپرسی پۆلیسی ڕێگاوبانی ئێران، ئیدعای کرد کە چوار هۆکاری سەرەکی وەکوو خێرایی نایاسایی، پێشکەوتنی نایاسایی، گرینگی نەدا بە پێشەوەی خۆیان و ماندوویەتی و خەواڵوویی، کاریگەریان هەیە لە ٨٠٪ ئەو ڕووداوانە کە ڕوویان داوە، بەڵام یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە بەرپرسانی ڕێژیم زۆر بە کەمی باسی دەکەن نەبوونی ڕێگاوبان و ماشین ستانداردە لە ئێراندا.