ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕینی پی ئێس ٧٥٢ ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانبار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی ئەم فڕۆکەیە، لە حاڵی پێکهێنانی دۆسییەی کەیفەری و جینایی لە پۆلیسی فیدراڵی کانادان.
ئەم ئەنجومەنە ڕایگەیاندووە کە "پێنج ساڵ بەسەر تاوانەکەی ١٨ی بەفرانباری ٩٨ و پێکهێنانی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی تێدەپەڕێت، هەوڵەکانی وەک ڕەوانەکردنی دۆسییەکە بۆ دادگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی بەرهەمدار بوون.
ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فرۆکەی ئۆکراینی هەروەها ڕایگەیاندووە کە خستنە نێو لیستی سپای پاسداران بۆ نێو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی کانادا و دەرکردنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتە و هەروەها تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، لە هەوڵەکانی ئەم ئەنجومەنە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بوونە.
ئەو ئەنجومەنە لە بەیاننامەیەکدا لە یادی پێنجەمین ساڵیادی جینایەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەریدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بنەماڵانە بۆ ساتێک لە سکاڵاکردن ناوەستن و ڕۆژێک تاوانبارانی ئەو جینایەتە لە دادگایەکی سەربەخۆدا لە ئێران مەحکووم دەکرێن و سزا دەدرێن.
هەروەها لەم بەیاننامەیەدا ئەنجومەنی بنەماڵەکانی ئەو فڕینە خوازیاری لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت لەو دۆسییە لە دادگای لاهە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە بنەماڵەکان و کردنەوەی دۆسیەیەکی تاوانکاری لە کانادا لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی و پشتیوانیی چوار وڵات لەو دۆسییە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بوون.
ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فرۆکەی ئۆکراینی هەروەها بە یادکردنەوەی ساڵڕۆژی کوشتنی بە ئەنقەستی بەکتاش ئابتین و لەسێدارەدانی کۆمار کەرمی و محەممەد حوسێنی، جەختی لەوە کردووەتەوە: ''کۆڵەکە ڕزیوەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر گۆڕی هەزاران قوربانی ڕاوەستاوە کە یادیان بەرز دەنرخێنین.''