ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کاریگەریی بەرچاوی سزا نوێیەکانی ئەمریکا لە سەر داهاتە نەوتییەکانی ڕووسیە و ئێران کردووە.
ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی لەم ڕاپۆرتەدا دەڵێت: "سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی ناسراو بە "ناوگانی ڕۆحەکان"، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر داهاتە نەوتییەکانی ئەم دوو وڵاتە دەبێت".
ئەم ڕاپۆرتە زیادی دەکات، نزیک بە یەک لە سەر سێی نەوتی ئێران کە بەرامبەرە لەگەڵ ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، لە ڕێگەی ئەو نەوتهەڵگرانەوە هەناردە دەکرا کە ئەمریکا لەم دواییانەدا سزای دان.
ئەمریکا لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی و پاش هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ٣٥ نەوتهەڵگری ناوگانی ڕۆحەکانی سزا دا و حەفتەی ڕابردووش ١٦٠ نەوتهەڵگر کە نەوتی ڕووسیەیان هەناردە دەکردی سزا دا، ٨ دانە لەم نەوتهەڵگرانە ڕۆڵیان لە قاچاخی نەوتی ئێرانیشدا هەبوو.
هەر لەم پێوەندییەدا گۆڤاری ئێکۆنۆمیست لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە جۆ بایدێن لە سەرەتاکانەوە چاوپۆشیی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران کرد بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و بە سزادانی ٥٥ نەوتهەڵگر کە بەشدارییان لە گواستنەوەی نەوتی ئێران دەکرد، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی کەم کردەوە.
ناوگانی ڕۆحەکان بە ئەو نەوتهەڵگرانەی دەوترێت کە ڕادار و سیستەمەکانی خۆیان کە بۆ ناسینەوە بەکار دەبردرێت دەکوژێننەوە تاکوو بە شێوەیەکی نەناسراو بتوانن نەوتی وڵاتانێکی وەک ڕووسیە و ئێران بە ناو و نیشانێکی دیکە بگوازنەوە.
ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا پەرژاوەتە سەر جیاوازیی کاریگەرییەکانی سزاکان بۆ سەر ڕووسیە و ئێران.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "ڕووسیە هێشتا دەتوانێت نەوتی خۆی لە چوارچێوەی گەمارۆکاندا هەناردە بکات بە شێوەیەک کە دەبێت هەر بەرمیل نەوتی خۆی بە نرخی ژێر ٦٠ دۆلار بفرۆشێت".
ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی زیادی دەکات کە کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی ڕووسیە، ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک نەوت بفرۆشێت و هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە هەموو شێوازێک پێشێلی گەمارۆکانی ئەمریکا دەکات، بۆیە کاریگەریی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران و ڕووسیە جیاوازە و کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ڕێگەی ناوگانی ڕۆحەکانەوە دەتوانێت نەوتی خۆی هەناردە بکات.
بەپێی ئامارەکان پاش سزادانی نەوتهەڵگرەکانی ناوگانی ڕۆحەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووی زایینیدا، ڕێژەی هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی ئێران، ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا کەمی کردووەتەوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە یەک میلیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا.
لە ئێستادا و بە هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ و سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکاوە، وێدەچێت کە ئەم ڕێژە لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ساڵی داهاتوودا تا ڕادەیەکی بەرچاو کەمتریش بکاتەوە.
سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی بوودجەی ساڵانە و هەروەها پشتیوانیکردن لە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا، فڕۆشتنی نەوتە و بەم بەربەستانەی کە لە ئێستا بۆ سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕەچاو کراوە، وێدەچێت قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی قەیرانی ئابوورییەکەی، لە ساڵی داهاتوودا قووڵتر ببێتەوە.