کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕوبیۆ ڕاگەیاند کە ئەو ئاخوندانەی حوکمڕانیی ئێران دەکەن نوێنەری خەڵک نین

12:20 - 27 بەفرانبار 2724

هەڵبژێردراوی دۆناڵد ترامپ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: ڕێژیمی ئێران نوێنەری گەلەکەی نییە و دەگمەن وڵات هەیە کە کەلێنی نێوان خەڵک و ئەو حکوومەتەی کە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، هێندەی ئێران بۆشاییەکی گەورەی تێدا بێت.

ڕوبیۆ لە وڵامی پرسیارێکدا لە سێنای ئەمریکا سەبارەت بە بۆچوونەکانی سەبارەت بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتی: من باسی ئاخوندە ئایینییە توندڕەوەکانی شیعە دەکەم، نەک خەڵکی ئێران، گەلی ئێران سەر بە شارستانییەتێکی دێرین و کولتوورێکی دەوڵەمەندن کە زۆر شانازی بە پێشکەوتن و دەستکەوتەکانیان و ناسنامە و میراتی خۆیانەوە دەکەن.

هەڵبژێردراوی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ وتی: ئەو ئاخوندانەی کە حوکمڕانیی ئێران دەکەن بە هیچ شێوەیەک نوێنەری خەڵکی ئەم وڵاتە و مێژووی وڵاتەکەی نین و ئەو بەشدارییە گەورەیەی کە خەڵکی ئێران لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا کردوویانە هیچ پێوەندیی بەو ئاخوندانەوە نییە و ئەمە خاڵێکە کە دەبێت هەمیشە جەختی لەسەر بکەینەوە.

بە وتەی ڕوبیۆ، "ڕێژیمی ئێران ئێستا لە یەکێک لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە و بەرگرییە ئاسمانییەکەی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ئەو هیلالە شیعەیەی کە هەوڵیان دەدا دروستی بکەن، لە لوبنان و سووریە بە توندی لێی دراوە و لە ناوچەکە دەر کراون.

ناوبراو سەبارەت بە بارودۆخی ئابووریی ئێرانیش زیادی کرد: ئابووریی ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، هەندێک ڕۆژ خەڵک ڕووبەڕووی پچڕانی کارەبای درێژخایەن بۆ  ماوەی نزیک ٦، ٨ یان تەنانەت ١٢ کاتژمێر دەبنەوە، لە ئێستادا ئێران دەیهەوێ یارانە ببڕێ و ئەوەش لێکەوتەی باشی نابێ.

هەروەها ڕوبیۆ بە ئاماژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ لایەنە ئورووپاییەکان وتی: لە هیچ بارودۆخێکدا نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت سەرچاوەکانی خۆی بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم و پەرەپێدانی توانا سەربازییە هەڕەشەئامێزەکان و تێکدانی سەقامگیری ناوچە و دراوسێکانی بەکار بهێنێت.