بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕەزا ڕەمەزانزادە، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی تارانی گەورە کە خەریکی تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ حوکمەکەی خۆیەتی، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لەو زیندانەوە، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزیی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە نابێت لە بەرامبەر هەر چەشنە لەسێدارەدانێکدا بێدەنگ بین.
ئەو زیندانییە سیاسییە کە لە بەندی تاوانە توندوتیژەکاندایە، بە بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە لە ٢٢ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣ نووسیویەتی، ئێمە لە حکومەتێکدا دەژین کە هەموو ڕۆژێک لە پشت دیوارەکانییەوە ناوی شەرەفمەندترین کەسەکان بۆ لەسێدارەدان دەبیستین. خۆڕاگری و ڕاوەستانی ژنان لە زیندانەکان و لەسەر شەقامەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەگەر گوێمان لە دەنگی یەکتر نەبێت ئەوە دەبێت چاوەڕوانی سزای خۆمان بین.
ڕەزا ڕەمەزانزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی تارانی گەورە زیندانی کراوە و بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان سزا دراوە، سەرەڕای چەندین جار داواکاری، لە بەندی تاوانە توندوتیژییەکانی ئەو زیندانە ڕاگیراوە و چەندین جار لە مافی چاوپێکەوتن و دەستپێڕاگەیشتن بە کارتی تلفۆن بێبەش کراوە.