کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو حەماسی بە پێشێلکردنی هەندێک بڕگەی ئاگربەستی نوێ تۆمەتبار کرد و بەو هۆیەوە غەززە بۆردومان کرا

17:33 - 27 بەفرانبار 2724

ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرووپی حەماسی بە شکاندنی بەڵێن و پێشێلکردنی بەشێک لە بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە تۆمەتبار کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری میدیاکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە کابینەی ئیسرائیل بڕیارە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان لەم ڕۆژەدا پەسەند بکات.

هاوکات باس لەوە کرا کە هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە درێژایی شەو بەردەوام بووە و دەیان فەلەستینی دیکە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کوژراون.

بنیامین نێتانیاهوو گروپی حەماسی تۆمەتبار کرد کە بە پێشێلکردنی هێندێک لە مەرجەکانی ئاگربەست کە بڕیاربوو لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی بەفرانبار دەست پێبکات لە کۆتا ساتدا قەیرانی دروست کردووە و بەو هۆیەشەوە کابینەی ئیسرائیل لە ئێستادا ئەم ئاگربەستە پشتڕاست ناکاتەوە.

نێتانیاهوو ڕوونی نەکردەوە کە کام بڕگەی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە پێشێل کراوە.

لە کاتێکدا کە ناوبژیوانانی ئەم ئاگربەستە واتە قەتەر و ئەمریکا هێشتا کاردانەوەیان بەرامبەر بەم هەڵوێستە نوێیەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەبووە، دوو بەرپرسی باڵای حەماس ئەم تۆمەتە نوێیەیان ڕەت کردەوە و ئیدیعای نێتانیاهوویان بە بێ بنەما ناوبرد.

هاوکات هەواڵدەرییەکان هەواڵی بۆردومانی قورسی ئیسرائیلیان لە شەودا بڵاو کردەوە. هەروەها سەرچاوە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە خەڵک ئاهەنگیان بۆ ڕێکەوتنی ئاگربەست دەگێڕا.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەژێر چاودێری گروپی حەماسدا کاردەکات، لە نێوان نیوەڕۆی چوارشەممە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە، لانیکەم ٤٨ کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژراون و نزیکەی نیوەیان ژن و منداڵ بوون.

ئەوە لە حالێکدایە نێوبژیوانانی ئیسرائیل و حەماس ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانبار ڕایانگەیاند کە هەر دوولایەن لە بوارەکانی گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان ڕێک کەوتوون.