چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە بڵاوی کردووەتەو کە بەپێی دوایین ئامارەکان، لانیکەم ٥٢٨ هەزار کەس لە خەڵکی سووریە لە شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا کوژراون.
ئەم دامەزراوەیە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، ڕاپۆرتە نوێیەکەی خۆی وەک کورتەیەک لە ڕووداوەکانی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بڵاو کردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ٥٢٨ هەزار کەس لە شەڕی نێوخۆی ١٣ ساڵەی ئەم وڵاتەدا کوژراون،
قوربانییەکان لەو کەسانن کە لەم دواییەدا دوای دەستپێڕاگەیشتن بە ناوەندەکانی دەسبەسەرکردن و بەڵگەنامەکانی پێوەندیدار بە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە کە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەست کەوتن، کوژرانیان پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، زیادی کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٦ هەزار و ٧٧٧ کەس لە شەڕی نێوخۆی سووریە کوژراون.
ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە ٣ هەزار و ٥٩٨ کەس لە کوژراونی ساڵی ٢٠٢٤دا خەڵکی مەدەنی بوون کە ٢٤٠ کەسیان ژن و ٣٣٧ کەسیش منداڵن.
چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٦٤ هەزار دەسبەسەرکراو لە شەڕی نێوخۆدا بەهۆی ئەشکەنجەدان و خراپی بارودۆخی زیندانەکان گیانیان لەدەست داوە.
جێگای ئاماژەیە کە هێشتا زیاتر لە 112 هەزار زیندانی لە سووریە بێسەروشوێنن و پێدەچێت ئەوانیش کوژراون.