کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کابینەی وەزیرانی ئیسرائیل ئاگربەستی غەززەی پەسەند کرد

10:48 - 29 بەفرانبار 2724

پاش نزیک بە یەک ساڵ و نیو شەڕ لە غەززە، کابینەی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئاگربەستی غەززەی کە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا و قەتەر هاتبووە ئاراوە، پەسەند کرد.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە پاش دانیشتنێکی چەند کاتژمێری و بە پشتیوانیکردنی ٢٤ وەزیر و ناڕەزایەتیی ٨ وەزیری کابینە، پەسەند کرا.

بڕیارە کە لە یەکەم هەنگاوی ڕێککەوتنەکە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ ڕێبەندان، ماوەی شەش حەفتە شەڕ ڕابگیرێت و بەشێک لە بارمتەکان لە بەرامبەر بەندکراوانی فەلەستینی ئازاد بکرێن.

بەپێێ ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دادی ئیسرائیل، لە ڕۆژی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، ٩٥ بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.

بەم پێیە حەماسیش ٣٣ بارمتەی ئیسرائیلی لەم قۆناغەدا ئازاد دەکات.

بەشێکی دیکە لە ئاگربەستەکە بریتییە لە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و ناردنی ڕۆژانەی ٦٠٠ بارهەڵگر لە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە.

شەڕی غەززە پاش هێرشی تێرۆریستیی چەکدارانی حەماس لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد.

چەکدارانی حەماس لەم هێرشەدا ١٢٠٠ کەس خەڵکی مەدەنییان کوشت و نزیک بە ٢٥٠ کەسیشیان بە بارمتە گرت کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون.

ساڵی ڕابردوو بەپێی ئاگربەستێکی کاتی و لە چەند قۆناغدا ١٠٠ کەس لەم بارمتانە ئازاد کرابوون و لەم ماوەیەدا ٣٤ کەسی دیکەیان گیانی خۆیان لەدەست داوە و  لە ئێستاشدا ٩٤ بارمتە لە ژێر دەستی چەکدارانی حەماسدا ماونەتەوە کە بڕیارە لەم ئاگربەستەدا ئازاد بکرێن.