کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگه‌رانییه‌کان له‌مه‌ڕ دۆخی وریشه‌ مورادی و په‌خشان عه‌زیزی

11:15 - 29 بەفرانبار 2724

خالید عالیپه‌نا، خاڵۆزای وریشه‌ مورادی و وته‌بێژی که‌مپه‌ینی "بۆ ئازادی" وتی: وریشه‌ مورادی و په‌خشان عه‌زیزی هاوکات له‌گه‌ڵ ٧ به‌ندکراوی دیکه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی ئێڤێن له‌ شه‌وی ڕابردوودا لە مافی چاوپێکەوتن بێبەری کراون و ئیزنی هیچ جۆره‌ پێوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌کانیان پێ نه‌دراوه‌.

به‌پێی قسه‌ی خالید عالیپه‌نا ئه‌و ٧ به‌ندکراوه‌ی دیکه‌ بریتین له‌: مریه‌م یه‌حیه‌وی، ئانیشا ئه‌سه‌دۆڵڵاهی، گوڵڕۆخ ئێرایی، ویدا ڕه‌ببانی، زه‌هرا سه‌فایی، ئیلاهه‌ فوولادی و موته‌هەره‌ گوونه‌یی.

ناوبراو هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئەمە لە کاتێکدایە که‌ هه‌واڵده‌ریی فارسی سه‌ر به‌ سپای پاسداران، به‌رنامه‌یه‌کیان له‌ دژی په‌خشان و وریشە بڵاو کردووەتە‌وه‌ و ئه‌و به‌رنامه‌یه بێجگه‌ له‌ "سیناریۆسازی" له‌ دژی ئه‌و دوو به‌ندکراوه‌ مه‌حکووم به‌ ئێعدامه‌ شتێکی دیکه‌ نییه‌.

شایانی باسه‌ له‌و به‌رنامه‌یه‌دا په‌خشان عه‌زیزی و وریشه‌ مورادی به‌وه‌ تاوانبار کراون که‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ١٤٠١دا ڕۆڵیان گێراوه‌ و بۆ به‌رده‌وامیی چالاکیی خۆیان دژی ڕێژیم گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئێران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ خانووه‌ تیمییه‌کاندا جێگیر بوونه‌.