کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان هاووڵاتیی سوننە مەزهەب و چالاکوانی مەدەنیی عەرەب لە شادگان دەسبەسەر کراون

11:19 - 29 بەفرانبار 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کاروون کە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکاری مافی نەتەوەی عەرەب لە ئێران ڕووماڵ دەکات، بە پشتبەستن بە سەرچاوە خۆجێییەکانی خۆی هەواڵی دەسبەسەرکردنی دەیان هاووڵاتیی سوننە مەزهەب و چالاکی مەدەنیی عەرەبی لە شاری شادگان لە پارێزگای خوزستان بڵاو کردەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی و بە هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتییان بە شەودا دەسبەسەریان کردوون.

لەو ڕاپۆرتەدا بە وردی ئاماژە بە ناو و ناسناو و تەمەنی ئەو ١٠ هاووڵاتییە کراوە کە دەسبەسەر کراون.

هەروەها کاروون باسی لە دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک مامۆستا و بانگکردنی پێنج مامۆستای دیکە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کردووە، و بنەماڵەی ئەو دەسبەسەرکراوانە ڕایانگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی ئەو هاووڵاتییانەیان بۆ زیندانی ئابادان گواستووەتەوە.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە پێشتر لە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباریش ڕایگەیاندبوو کە ٣٣ کەس لە خووزستان دەسبەسەر کراون و ١٠٠ هاووڵاتیی عەرەب و چالاکی فەرهەنگی، لەوانە شاعیر و نووسەرانی عەرەب، چالاکوانانی ژینگەپارێزی و چالاکوانان کە هەوڵ بۆ خوێندن بە زمانی دایکی دەدەن بانگی ناوەندە ئەمنییەکانی شارە جیاجیاکانی ئەم پارێزگایە کراون.

بەردەوامیی دەسبەسەکردنی هاووڵاتییان بەتایبەتی بە شێوەی شەوانە و هەڵکوتانە سەر ماڵەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک دروست کردووە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و تۆقین .

ڕێژیمی ئێران بە ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و سەپاندنی سزای قورس و ناڕەوا وەکوو سزای سێدارە، مافی نەتەوەکانی وەکوو، کورد، بەلووچ، عەرەب و کەمینە مەزهەبییەکان پێشێل دەکات و بەو هەڵسووکەتانەی دەیهەوێ دەنگی مافخوازیی نەتەوەکان لە ئێراندا کپ بکات و بە سەرکوت و گرتن لە مافەکانیان بێبەرییان بکات.