کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەر چەککردنی میلیشیاکانی سەر بە تاران

11:58 - 29 بەفرانبار 2724

هاوکات لەگەڵ گوشارەکان بۆ چەککردنی میلیشیاکانی سەر بە تاران لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا، فواد حوسێن، وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق، باسی لە هەوڵەکانی بەغداد بۆ چەککردنی میلیشیاکانی هاوپەیمان لەگەڵ تاران کردووە.

فواد حوسێن ڕایگەیاندووە کە دەبێت ئەم چەکدارانە چەکەکانیان دابنێن یان تێکەڵ بە هێزە فەرمییەکانی حکوومەتی بەغداد بن.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە درێژەدا زیادی کردووە کە بەغداد خوازیاری پێوەندییەکی باش لەگەڵ واشنگتۆنە لە کاتی سەرۆککۆماریی دۆناڵد ترامپدا.

پێشتر عەبدولئەمیر ئەلشمری، وەزیری نێوخۆی عێراق ڕایگەیاندبوو کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق تاکە کەسێکە کە دەتوانێت بڕیاری شەڕکردن بدات.

ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ئەلعەرەبییەدا جەختی لەسەر ئەوە کردبوو کە وەزارەتی نێوخۆی عێراق کاتی قۆناغەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی چەکەکانی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆمیتەی باڵای کەمپەینێک لەم بوارەدا، دیاری کردووە.

پێش لە ئەلشمری، محەممەد شەیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە وتووێژ لەگەڵ ئەم کاناڵە، بە ئاماژەدان بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لەم شەڕەدا تێوە ناگلێت.

جێی ئاماژەیە کە چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تارانی کرد و بە بڕوای هێندێک لە کارناسانی سیاسیی ناوچەکە، بابەتی چەککردنی حەشدی شەعبی، یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی ئەم سەردانە بووە.