سامان یاسین هونەرمەندی خەڵکی کرماشان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا کە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و سزای قورسی بەسەردا سەپێنرا، ئێرانی بەجێ هێشت و گەیشتە وڵاتی ئاڵمان.
سامان یاسین سەرەتا پاش هاتنەدەرەوە لە ئێران خۆی گەیاندە باشووری کوردستان و لەوێوە چووە وڵاتی ئاڵمان.
کۆبوونەوە دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو و سامان یاسین لەلایەن ئەم لقەوە بە ٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی شاری بابەک لە پارێزگای کرمان مەحکووم کرا و ئەم سزایە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە بوونی خۆی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، سامان یاسین بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج بۆ یەکەمین جار نێردرایە مورەخەسی.
سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.
"سامان یاسین" هونەرمەندی کرماشانی گۆرانیگەلێکی زۆری لەمەڕ دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وتووە و هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران کردبوو.