کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین خەڵاتی ئەدەبیی "کاڵ" لە سنە

13:05 - 29 بەفرانبار 2724

ڕێوڕەسمی یەکەمین خەڵاتی ئەدەبیی کاڵ لە پێشوازیی گەرمی کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردستان لە سینەما بەهمەنی شاری سنەدا بەڕێوە چوو. لەو فستیڤاڵەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی بەفرانبار بەڕێوە چوو، خەڵاتی سەرکەوتووانی بواری شێعر، کورتە چیرۆک و ڕۆمان پێشکێش بە براوەکانی ئەم ژانرە ئەدەبییانە کرا.

بەیان عەزیزی، نووسەر، توێژەری و بەڕێوەبەری کافە کتێبی کاڵ لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فستیڤاڵەکەدا ڕایگەیاند ئەگەرچی خەڵاتی ئەدەبیی کاڵ لایەنی ماددیی نییە، بەڵام بواری بۆ ناساندنی بەهرە و ئیستعدادە ئەدەبییەکان خۆش کردوە و یارمەتیدەری چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمی شاعیران و نووسەران دەبێت. ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی لە دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازی بەڕێوەچوونی ئەم فستیڤاڵە ئەدەبییە سەرجەم ٣١١ دەق لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی فستیڤاڵەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە گەیشتبوونە دەستی بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵەکە، کە لێژنەکانی هەڵسەنگاندن دواتر ١٧٣ دەق و کتێبیان وەک باشترینەکان بۆ بەشی پێشبڕکێ دەستنیشان کردن.

عەتا نەهایی، نووسەر و ڕۆماننووسی ناوداری کورد پێوەندیدار بە بەڕێوەچوونی ئەم فستیڤاڵە ڕایگەیاند خەڵاتێکی ئەدەبیی سەربەخۆی وەک "کاڵ" لە پێویستییەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردستان بوو، جیا لەوەش بایەخێکی دیکەی ئەم فستیڤاڵە ئەوە هاندانی نەوەی نوێی قەڵەم‌بەدەستانی کورد بوو کە بەرهەمەکانیان ڕەنگڕیژ بە خەم و کەڵکەڵەکانی کۆمەڵگەی خۆیان کردوە.

پێش ڕاگەیاندنی براوەکانی فستیڤاڵەکە پانێلێکی پسپۆڕیی زمان و ئەدەبیی کوردی بە بەشداریی مامۆستایانی دیاری ئەم بوارە بەڕێوە چوو. هەروەها ڕەزا عەلیپوور، جەماڵ محەممەدی، محەممەد ڕەحیمیان، عەلی ئۆلفەتی، کامبیز کەریمی، عەلی ئەشرافی لەسەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی پەروەردەیی کوردی وتاریان پێشکێش کرد.

دوایین بەشی ئەم فستیڤاڵە ڕاگەیاندنی ناوی سەرکەتووانی بەشداربووی بواری شێعر، کورتەچیرۆک و ڕۆمان لە فستیڤاڵەکە بوو.

ناوی براوەی باشترینەکانی بواری شێعر:

نەزەند بەگیخانی، بەشدار سامی، قادر نیازی، سۆران محەممەدسوورە، گوڵاڵە دروودیان، یونس حوسێنی، ئازاد یونسی، ڕاهوز کامران، کەریم خزری، ئیبراهیم فەرەجی، نەشمیل بەرزنجی، سومەیە جەلال، کاروان حاجی، شەریف مورادی، ئیرەج عیبادی، سروشت نەوزاد، مەهتاب ڕەشیدیان، ئیحسان نەجەفی، محەمەد جەواد جەلیلیان، سومەیە فەلاحی، مێهرداد زیبایی، نەسرین باوندپوور، ئامینە (ژوان) ڕەحیمی، ئەحسەن ڕەشیدی.

ناوی براوەی باشترینەکانی بواری چیرۆک:

ماپەرە ئیبراهیمی، نیشتمان قادریان، ڕەسووڵ سەفەریانی، چنوور سەعیدی، لەیلا نوورانی، هەڵۆ فەریق، جێگر بەختیار.

ناوی براوەی باشترینەکانی بواری ڕۆمان:

مازیار نەزەربەیگی، ئیدریس بەردنووس، سۆران کوردپوور، چیا پەرویزپوور، ئەسعەد زۆهرابی، سینا خەلیلی، سارا سادق‌زادە، ئارام مئەممەد، فەهەل موحسین، قاسم پیرۆ، کامران چاکەر.