
ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی بەفرانبار، محەممەد مەقیسە و عەلی ڕازینی لە دادوەرەکانی ڕێژیم لە دادگوستەریی تاران، بە دەسڕێژی گولـلە کوژران.
بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی دەزگای بەناو داوەریی ڕێژیم، محەممەد مەقیسە بەرپرسی لقی ٥٣ی دیوانی باڵای ڕێژیم و ڕازینی بەرپرسی لقی ٣٩ی ئەم دیوانەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی پشتڕاست کردەوە.
هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بە پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی ڕازینی و مەقیسە ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کەسێکی چەکداری نفووزی لە دیوانی باڵای ڕێژیم دوو بەناو دادوەری کوشتووە.
هەواڵدەریی فارسی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیش لەمبارەوە ڕایگەیاند کە کەسی تەقەکەر، چاپەزی دیوانی باڵای ڕێژیم بووە کە بە دەمانچە تەقەی لەم دوو دادوەرە کردووە و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ئەم دوو بەناو دادوەرەی ڕێژیم لە ماوەی کاری خۆیاندا، سزای سێدارەیان بۆ دژبەرانی ڕێژیم دەر کردبوو.
بەم حاڵەوە تاکوو ئێستا هیچ کەس یان گرووپێک بەرپرسایەتیی کوشتنی ئەم دوو کەسەی لە ئەستۆ نەگرتووە.