کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووریە هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی قەدەغە کرد

10:44 - 30 بەفرانبار 2724

ئیدارەی گشتیی ڕێڕەوە زەمینی و دەریاییەکانی سووریە، لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیدا باسی لە قەدەغەکردنی هەر چەشنە کاڵایەکی ئێرانی بۆ نێو سووریە کردووە.

حکوومەتی سووریە پاش قەدەغەکردنی هاتووچووی ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەی ئێرانیان هەیە، لە ئێستادا هاوردەکردنی هەر چەشنە کاڵایەک کە لە ئێران بەرهەم هاتبێت یان هاوردە کرابێت،  قەدەغە ڕاگەیاند.

جیا لە کاڵای ئێرانی، ئیدارەی گشتیی ڕێڕەوە زەمینی و دەریاییەکانی سووریە، لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە هاوردەکردنی کاڵا لە دوو وڵاتی ئیسرائیل و ڕووسیەشەوە قەدەغەیە.

پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، ڕێبەرانی نوێ سووریە چەند جار جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە تاران لە دەستێوەردان و بەئامرازکردنی سووریە بە مەبەستی بەرەوەپێشبردنی سیاسەتەکانی لە ناوچەکە دەست هەڵبگرێت.

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئاماژەدان بە حکوومەتی نوێ سووریە وتبووی: "ئەم کەسانەی کە ئێستا بوونەتە ڕێبەری سووریە، ڕۆژێک لەلایەن لاوانی بە ئیمانەوە دەخرێنە ژێر پێ".

تاران جگە لە ناردنی هێز و چەکوچۆڵ بۆ سووریە لە ماوەی زیاتر لە یەک دەیە ڕابردوودا، وەبەرهێنانی دیکەشی لەم وڵاتەدا ئەنجام دابوو.

پێشتر دوو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم پشتڕاستیان کردبووەوە کە ڕێژیمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد لانیکەم سی میلیارد دۆلار قەرزداری ئێرانە.