پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ٧٩هەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان
هۆگرانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان!
٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی، واتە ٧٩ ساڵ لەمەوبەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە درەوشاوەترین لاپەڕەکانی مێژووی خۆی تۆمار کرد و بە کردەوە کیانێکی سیاسی-نەتەوەیی لەسەر بەشێک لە جوگڕافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراند. بەبۆنەی ئەو ساڵیادە مەزنەوە گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین و ئێوە میراتگرانی کۆماری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی، درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی دامەزرێنەرانی کۆمار دەبین.
ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە لایەن ڕێبەری بلیمەت و پێشەوای حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، قازی محەممەدەوە لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە شایانی یادکردنەوە و لێکدانەوەیە. لەدایکبوونی دەسەڵاتی کوردی و لە هەمان کاتدا نێوەڕۆکی ئەوە دەسەڵاتە، کۆمەڵێک پەیام و دەرەنجامی بۆ گەلی کورد لەخۆ گرتوە کە نەتەنیا لەو ساتەوەختە مێژووییەدا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکو ئاسەوارەکانی بۆ ئێستا و داهاتووی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان ماوەتەوە و دەمێنێتەوە. ئەگەرچی کۆماری کوردستان تەنیا لە جوگڕافیایەکی سنوورداردا قەتیس مایەوە و بۆ ماوەی ١١ مانگ بەردەوام بوو، بەڵام لەڕووی ئەو کاریگەرییەی لەسەر خەباتی نەتەوەیی گەلەکەمانی جێهێشت، هەم جوگڕافیای کوردستانی بە هەموو بەشەکانەوە تەنی و هەم تا ئێستاش وەک دینامیزمی بزووتنەوەی نەتەوەیی بەسەر سەرجەم بزووتنەوەی نەتەوەییەوە ڕۆڵ دەگێڕێ.
کۆماری کوردستان بە پیادەکردنی ئیرادەی خۆبەڕێوەبەریی گەلی کورد، پەرەدان بە زمان و کولتوور و خوێندن و هونەر و هەروەها دابینکردنی ئەمن و ئاسایش لەڕێگەی دامەزراندنی سوپای نیشتمانی و دواتر ناودێرکردنی جەنگاوەری کورد بە "پێشمەرگە" و هەڵدانی ئاڵای کوردستان و بەفەرمیکردنی سروودی نەتەوەیی و دامەزراندنی چاپخانە و ئێزگەی ڕادیۆ و بڵاوکردنەوەی چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و، هەروەها سەروەرکردنی یاسا بە سەر هەموو هاووڵاتیانی کۆماردا و لە هەموان گرینگتر کۆکردنەوەی کەسایەتییە ئایینی، ڕووناکبیری و سەرۆک عەشیرەتەکان لە بەش و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە چوارچێوەی حکوومەتی کوردیدا، بناغەکانی نەتەوەسازی بە شێوەیەک چەسپاند کە بە تێپەڕبوونی نزیک بە ٨ دەیە لە ڕووخانی، تا ئێستاش گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە شانازییەوە یادی دەکاتەوە.
دامەزرانی کۆماری کوردستان هەڵقوڵاوی پاشخانێکی مێژوویی بوو لە وشیاریی نەتەوەیی و، ڕەگ و ڕیشەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردییەوە سەرچاوەی گرتبوو کە لانیکەم لە مێژووی هاوچەرخدا بەردەوام زیندوو و بەرقەرار بووە. بەدوای ئەوەی ڕەزاشای پەهلەوی هەوڵی دا دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی لەسەر حیسابی تواندنەوەی نەتەوە نافارسەکان بنیات بنێ، گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک بەرامبەر ئەو پڕۆژەیە وەستایەوە و ئامادە نەبوو بچێتە ژێر باری ئەو ستەمە گەورەیە. لە ڕاستیدا دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕەتکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوەی سەقەتی ئێرانی بوو کە حەولی دەدا بە زەبری هێز خۆی بسەپێنێ. ئەو هەڵوێستە مێژووییە لەلایەک گەلی کوردی بۆ یەکەم جار کردە خاوەن ستاتۆیەکی مۆدێڕن و پێشکەوتنخوازی نەتەوەیی و لە لایەکیترەوە سامانێکی بەنرخی خستە سەر مێژووی گەلەکەمان.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان بڕوامەندیی بە تۆلێڕانس و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بوو کە تیایدا سەرجەم جیاوازییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی بە کورد و ئازەری و ئەرمەنی و هتد جێگا ببێتەوە. لە سەردەمێکدا کە زۆربەی دەوڵەتانی ناوچە خاوەن سیستەمێکی سیاسیی نادێمۆکڕاتیک و سەرەڕۆ بوون، سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی دێمۆکڕاتیک لە بەشێک لە کوردستان، ژیری و ڕێکخراویی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و ڕێبەرانی ئەو حیزبە دەردەخا.
جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
ئەوساڵ لە کاتێکدا بەرەو پیلی یادکردنەوەی ٢ی ڕێبەندان دەچین کە کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ. ڕێژیمی سیاسی لە ئێراندا چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکیدا لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ بەرەوڕوویە، لە ئاستی نێوخۆییدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات بەرینتر دەبێتەوەو ناڕەزایەتیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لە دۆخی نالەبار و تاقەتپڕووکێنی ئابووری، کەشی خنکێنەری سیاسی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئێعدام و سزا قورسەکان بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کێشە کۆمەڵایەتییە کەڵەکەبووەکان، گەندەڵیی سیستماتیک و بەربڵاو لە هەموو جومگەکاندا، بێ هیوایی و کۆچی بەکۆمەڵی لاوان و هێزی مرۆیی پسپۆڕ بۆ دەرەوەی وڵات و سەرەنجام تێپەڕینی گەلانی ئێران لە ڕووی زەینییەوە لە ڕێژیمی زاڵ بەسەر وڵاتدا ڕوو لە هەڵکشانە، بە جۆرێک کە تەنانەت زۆرێک لە تیۆریسیەن و شارەزایانی نێو خودی دەسەڵات دان بە ئامادەیی ڕۆحی شۆڕشگێڕی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتدا دەنێن.
لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەم قەیرانەکان بەربڵاوترن و هەم ئامادەییەکی فراوانتر بۆ ڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتییەکان بەدی دەکرێ، ئەوەش وایکردوە خەڵکی کوردستان لە هەموو دەرفەتەکان بۆ دەربڕینی بێزاری و ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم بقۆزنەوە و وەک پێشەنگی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێران دەرکەون. بزووتنەوەی ژینا و بەشداریی بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتییەکاندا بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئێران، کەسایەتییەکی سیاسیی ئەوتۆی بە کوردستان بەخشیوە کە چ لە ئاستی نێوخۆی ئێراندا و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پرسی کوردی بەرجەستەتر کردۆتەوە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک دەروازەی گۆڕانکاری وێنا کردوە. خەڵکی کوردستان کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەر کاری ئەو ڕێژیمەوە خەباتێکی ناسنامەخوازانەی فرەڕەهەندی دژی دەسەڵات دەست پێکردوە، پشتئەستوور بە حیزبە سیاسییە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕەکانی، کە خاوەن پێگەیەکی فراوانی جەماوەرین و بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژینا و کۆمەڵێک ڕووداویتر لەو ساڵانەدا ئەو ڕاستییەیان سەلماند، بوونەتە جێگای هیوا و هومێدی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کۆماری ئیسلامی لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدایە لە پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانیدا و بەتەواوی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تەریک کەوتۆتەوەو تەنیا ڕێژیمە دیکتاتۆڕ و نابەرپرسەکان بە شێوەی سنووردار و بەپێی بەرژەوەندییەکانیان تەعامولی لەگەڵ دەکەن. درووشمە بریقەدارەکانی ڕێژیم سەبارەت بە ڕزگاریی گەلی فەلەستین و ناردنەدەرەوەی شۆڕش کە ٤٥ ساڵە وەک ستڕاتیژی پاراستنی خۆی پەنای بۆ بردوون، لەگەڵ شکستێکی قەرەبوونەکراو بەرەوڕوو بوونەتەوە. بەشێوەیەک کە زۆربەی گرووپە نیابەتییەکانی لە فەلەستین و لوبنان و سووریە و یەمەن و شوێنەکانی تر کە لە سەر حیسابی سەروەت و سامانی گەلانی ئێران دایمەزراندوون و پڕچەکی کردوون، لە لێواری داڕمان دان. ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە کە وەک خەڵوەتگەی ئەمنی ڕێژیم بۆ قەڵەوکردنی تیرۆر کەڵکی لێوەردەگرت و بە دەیان میلیارد دۆلاری لێ خەرج کردوە، زەبرێکی گورچوبڕی لە ئەمنیەتی ڕێژیم داوە کە ئەو شکستە تەنانەت هاواری کەسانێک لە نێو خودی ڕێژیمی لێکەوتۆتەوە. ڕەوتی ڕووداوەکان ئەوەمان پێدەڵێ کە کۆماری ئیسلامی ناچار دەکرێ بە تەواوی بگەڕێتەوە نێو قاوغی خۆی و چیتر ناتوانی یاری بە چارەنووسی گەلی فەلەستین و گەلانی دیکەی ناوچەکە لە پێناو مانەوەی خۆیدا بکا.
بە لەبەرچاوگرتنی کۆی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و بە سەرنجدان بە شکستی ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیم لە لایەک و کەڵەکەبوونی تووڕەیی و بێزاری گەلانی ئێران لە لایەکیتر بۆمان دەردەکەوێ بەردەوامیی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەگەڵ ئاستەنگی گەورەتر بەرەوڕوویە و تێچووی مانەوەی قورستر دەبێتەوە.
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
بە سەرنجدان بەو هەلومەرجەی لە ئێراندا هاتۆتە ئاراوە، دەرفەتێکی لەبار بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد هاتۆتە پێش و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونەتە بەردەم بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی و تەنیا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی دەتوانین دەرەقەتی ئەو قۆناغە بێین و گەلی کورد لە کوردستان بە وەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکانیان هیوادار بکەین. پێکهێنانی پلاتفۆڕمێکی هاوبەش لە وەها کات و ساتێکدا ئەرکی لە پێشینەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لەو پێناوەدا هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی زەمینەی گونجاو بۆ کاری هاوبەش دەگرێتە بەر و داوا لە سەرجەم حیزب و لایەنەکان دەکا بە سەرەنجدان بە زەروورەتی یەکخستنی ناوماڵی کورد لە بارودۆخی ئێستادا هەولەکانیان بۆ ئەو مەبەستە بخەنە گەڕ.
حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وێڕای بەرزنرخاندنی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان و پیرۆزبایی ئەو یادەوەرییە مەزنە لە گەلی کورد، ئامانج و دەسکەوتەکانی کۆمار بە چرای ڕێگای خەبات و تێکۆشانی خۆی دەزانێ.
حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی
٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی