کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بینایەکی دیکەی شیرکەتی میللی نەوتی ئێران دەستی بەسەردا گیرا

11:30 - 1 رێبەندان 2724

پاش دەسبەسەرداگرتنی بینای "شیرکەتی میللیی نەوتی ئێران" لە لەندەن، بینایەکی دیکەی ئەم شیرکەتە لە ڕۆتێردام لە پێوەندیی لەگەڵ دۆسییەی کرێسێنت، دەستی بەسەردا گیرا.

 لە درێژەی دۆسییەی ناسراو بە دۆسییەی کرێسێنت، دادگای ڕۆتێردامی هولەند، ناڕەزایەتیی شیرکەتی میللیی نەوتی ئێرانی لەهەمبەر حوکمی دۆسییەکە ڕەت کردەوە و لە کۆتاییدا دەنگی بە دەسبەسەرداگرتنی بیناکە بە قازانجی کۆمپانیی "هییۆڤڵ"، دا.

ئەم بینایە پێشتر ڕێکەوتی ٣١ خاکەلیوەی ساڵی ١٤٠٢، بە حوکمی دادگای نێونەتەوەیی دەستی بەسەردا گیرابوو و پاشان لە مەزاتێکدا بە کۆماپانیی هییۆڤڵ فرۆشرابوو.

پاشان شیرکەتی میللیی نەوتی ئێران لە ناڕەزایەتی بە دژی حوکمەکە داوای لە دادگای هولەند کردبوو کە مەزاتەکە هەڵوەشێنێتەوە چونکە ئەو بینایە موڵکی دەوڵەتی ئێرانە و نابێت مڵکوماڵی دەوڵەتی بخرێتە مەزاتەوە.

لە کۆتاییدا دادگای ڕۆتێردام ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ داواکارییەکی ئێرانی ڕەت کردبووەوە.

پێشتریش بینایەکی دیکەی شێرکەتی میللیی نەوتی ئێران لە لەندەن هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دۆسییەدا دەستی بەسەردا گیرابوو.

دۆسییەی کرێسێنت سکاڵای کۆمپانیی کرێسێنت پێترۆلیۆمی ئێمارات لە شیرکەتی میللی نەوتی ئێرانە کە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەم دوو شیرکەتە لە ساڵی ١٣٨١ هەتاوییدایە.

بەپێی ئەم ڕێککەوتنە دەبوو گازی کێڵگەی گازیی "سەلمان" بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بۆ وڵاتی ئێمارات هەناردە بکرێت.

پاشان لە ساڵی ١٣٨٤ و هاوکات لەگەڵ گۆڕانی دەوڵەت لە ئێران، ڕێککەوتنەکە لەلایەن دەوڵەتی نۆیەموە ڕادەگیرێت و لایەنی ئێماراتی سکاڵای خۆی دەباتە لای دادگا نێونەتەوەییەکان.

کۆماری ئیسلامی هەبوونی گەندەڵیی لە نێو گرێبەستەکە بە هۆکاری خۆی بۆ ڕاگرتنی ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاندبوو.

جێی ئاماژەیە کە ڕێککەوتنەکە لەلایەن شیرکەتی میللیی نەوتی ئێران و لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتەوە ئەنجام درابوو کە لەو کاتەدا لە ژێر بەرپرسیارەتیی بیژەن نامدار زەنگەنەدا بوو.

نامدار زەنگەنە بۆ جارێکی دیکە لە دەوڵەتی یازدەیەمدا وەک وەزیری نەوت دیاری دەکرێت.

پاش دیاریکردنی زەنگەنە وەک وەزیری نەوت بۆ جارێکی دیکە، کۆمپانیی کرێسێنت بە دادگای ڕاگەیاند کە ئیدعای کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هەبوونی گەندەڵی لە کاتی ئەنجامی ڕێککەوتنەکە درۆیە، چونکە ئەم کەسانە لەلایەن خودی کۆماری ئیسلامییەوە سزا نەدراون و بۆ جارێکی دیکەش بەرپرسیارەتیی وەزارەتەکەیان گرتووەتەوە ئەستۆ.