لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان دژ بە حوکمی لە سێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین، مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهێدان، سێدارەی سیاسی بەتایبەتی لەسێدارەدانی ژنانی بە مەترسیدار زانی و ڕایگەیاند کە دەبێت ئەم چەشنە لە سێدارەدانانە ڕابگیردرێت.
مەولەوەی عەبدولحەمید لە وتاری نوێژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار وتی: "لەم دواییانەدا کۆمەڵێک حوکمی لە سێدارەدان بۆ هاووڵاتییان دەرکراوە کە ژمارەیەکیان ژن بوونە و خەڵکی ئێران و خەڵکی هەموو جیهان لەم سێدارانە نیگەرانن".
پێشنوێژی هەینیی زاهێدان بە ئاماژەدان بەوەی کە بەرپرسان دەبێت خۆیان لە هەرچەشنە هەوڵێکی هەستبزوێن ببوێرن، وتی: "ئامۆژگاریی خێرخوازانەی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت سیاسەتەکانی ڕابردوو بەتایبەتی لەسێدارەدانەکان ڕابگیردرێت و وەرچەرخانێک ڕوو لە خەڵک بکرێت".
مەولەوی عەبدولحەمید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لەپێوەندیی لەگەڵ لەسێدارەدانەکان ڕایگەیاند کە لەسێدارەدانی ژنان و کەسانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە مەترسیدارە و هەروەها ڕوو لە بەرپرسان زیادی کرد کە لە سێدارەدان بەهۆی "قەساس"ـەوە، کێشەیەکی نییە و جەختیشی کردەوە کە لە سێدارەدانەکانی دیکە هیچی حوکمی خودا نییە.
پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتییەکان لەهەمبەر ئەم دوو حوکمە نادادپەروەرانە پەرەی سەندووە.