حیسام ده‌ستپیش: کۆماری ئیسلامی بە ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی ئێران دەڕوات
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: دانا خەدیو
ئاماژه:
ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ کە بە هێرشی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسڕائیل دەستی پێ‌کرد و لەسەر چارەنووسی حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکانی یەمەن و وڵاتانی عێڕاق و سووریە کاریگەریی قووڵی داناوە، به‌ستێنی پێویست بۆ ئاڵوگۆڕی به‌ربڵاوتر و پێکهێنانی نه‌زمێکی نوێی ناوچەیی دروست کردوە. لە ئێستادا ئەم نەزمی نوێیە لەسەر بنەمای ئەسڵی کۆتاییهێنان به "به‌ره‌ی مقاومه‌ت" بە لاوازبوونی پڕاکسییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووخانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د لە سووریە چووه‌ته قۆناغێکی دیکه‌وه. پرسیار ئەوەیە ده‌رهاویشته‌کانی ئاڵوگۆڕەکانی ئه‌م دواییانه له سووریه دوای ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌د له سه‌ر کۆماری ئیسلامیی له ده‌ره‌وه و نێوخۆ چییه هەروەها دوورەدیمەنی خەباتی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لەژێر کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییانە چۆم دەبێت؟ "کوردستان" بۆ تاوتوێی ئەم بابەتە له‌گه‌ڵ حیسام ده‌ستپیش، چاودێری سیاسیی کورد وتووێژێکی پێکهێناوە:
کاک حیسام ده‌رهاویشته‌کانی ئاڵوگۆڕەکانی ئه‌م دواییانه له سووریه دوای ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌د له سه‌ر پێکهاته‌ی کۆماری ئیسلامیی له ده‌ره‌وه و نێوخۆ چییه؟
بۆ تێگه‌یشتن له ئاڵوگۆڕەکانی ئه‌م دواییانەی سووریه و شوێندانه‌ریی له‌سه‌ر نێوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌توانم له سه‌ر چوار ئاست ڕیزبه‌ندیان بکه‌م.
یه‌که‌م: پێکهاته‌ی ڕێژیمی ئێران له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا خاوه‌ن پشتیوانگهلێک وه‌کوو ڕووسیه بوو، ئه‌و پشتیوانه یه‌کێک له هێزه گه‌وره‌کانی جیهان بووه یان هه‌یه و له ئێستادا سه‌باره‌ت به سووریه له‌گه‌ڵ کێشه‌یه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر جیددی ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه و سووریه بۆ ئه‌و بووه‌ته شوێنێکی زۆر مه‌ترسیدار و جێگای نیگه‌رانی. له ئاستی ئورووپاشدا له‌گه‌ڵ ئۆکراین له شه‌ڕدایه و له بواری ئابووریشه‌وه کێشهیەکی جیددی یه‌خه‌ی گرتوه، هه‌روه‌ها له بواری نیزامییه‌وه نه‌ک هه‌ر توانایی ناردنی هێزی بۆ وڵاتانی دیکه نییه به‌ڵکوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئۆکراین له کۆرەی باکوور و وڵاتانی دیکه‌وه هێزی یارمه‌تیی هێناوه، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ڕووخانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریه هۆکاری لاوازیی یه‌کێکی دیکه له پشتیوان و هاوپه‌یمانه‌کانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران له ئاستی نێونهتەوهییدا بوو. بۆیه له ئاستی یه‌که‌مدا ئه‌وه‌ی له سووریه ڕووی دا بۆ ڕیژیمی ئێران له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا قه‌یرانێکی جیددی بوو.
دووهه‌م: بابه‌تێک که زۆر جێگای سه‌رنجه له ئاستی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا، ئەوەیە کە یه‌کێک لە دوژمنه‌کانی ڕێژیم، ئیسڕائیله که دوای ئەوەی لە غه‌ززه، لوبنان و له هه‌مان کاتدا له سووریه ڕووی دا و له عێراقیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و خه‌ریکه له یه‌مه‌نیش په‌ره ده‌گرێت، دەبێ بڵێین ئیسڕائیل بووه‌ته هێزێکی هێژموونی له ناوچه‌که و هه‌وڵ ده‌دات خواست و ئامانج و ستراتێژییه باڵاکانی خۆی له ناوچه‌که‌دا بسه‌پێنێت. سرووشتییه ڕێژیمی ئیسلامی له بواری دزه‌کردنه‌وه تووشی کێشه و گرفتێکی زۆر ببێته‌وه و بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی جیددی ڕووبه‌ڕوو بێته‌وه.
سێهه‌م: تورکیه که وه‌کوو دوژمنێکی دیکه‌ی ڕێژیم بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ که‌ره‌سته‌ی ئابووری، نیزامی، ئه‌منییه‌تی خۆی بۆ دژایه‌تیکردنی خه‌رج ده‌کرد له ئێستادا ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوه و ئه‌وه‌ش به‌و واتایه که قووڵایی ستراتێژیی تورکیه له به‌رامبه‌ر ڕێژیمی ئێراندایه و به جۆرێک وه‌کوو به‌ربه‌ستێک له به‌رده‌م ڕێژیم‌دا ڕاوه‌ستاوه. له ئاستی ناوچه‌که‌شدا به جۆرێک تووشی شکست و زیان بووه که وڵاتانی عه‌ره‌بی که هه‌تا پێش ڕووخانی ڕێژیمی سووریه، لوبنان و فه‌له‌ستین یان باشتره بڵێین پێش ٧ی ئۆکتۆبر به کرده‌وه خۆیان له ئاستێکی لاوازتر له ڕێژیم ده‌بینی و ڕێژیم ئه‌وانی به هاژه‌ک ده‌کرده ئامانج و به جۆرێک هه‌ڕه‌شه‌ی لێیان ده‌کرد که گوایا ئه‌وان له تیرڕه‌سی ئه‌واندان به‌ڵام له ئێستادا ڕێژیم پێویستی به‌وان هه‌یه و به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه ده‌بێت دڵیان به ده‌ست بێنێت هه‌تا بتوانیت له‌گه‌ڵیان بسازێت به‌ڵام له‌م کاته‌دا له چوارچێوه‌ی ناوچه‌که‌دا تووشی گرفتێکی زۆر جیددی بووه‌ته‌وه. ئه‌و گرفته‌ی ڕێژیم له ناوچه‌که تووشی بووه له ڕاستیدا کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی قه‌یرانێکه بۆ ڕێژیم و به‌ره‌ی مقاومهتهکهی، ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ بابه‌تی هاژه‌کیی که دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیم له ناوچه‌که‌یه به شێوه‌ی کرده‌یی یه‌کیان یانی به‌ره‌ی مقاومه‌تی به ته‌واوی له‌نێو چووه و چیتر به‌ناو به‌ره‌ی مقاومه‌تێک له ناوچه‌که‌دا نییه. ڕێژیم به‌ره‌ی مقاومه‌تی وه‌کوو که‌ره‌سته‌یه‌کی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا وه‌کوو گوشارێک بۆ چه‌نه‌لێدان، مانه‌وه و به‌رده‌وامیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرت. ده‌بینین له چوارچێوه‌ی ناوچه‌ییدا، ڕێژیمی ئیسلامیی له بنه‌ڕه‌تدا ڕێژیمی ئیسلامیی سه‌رده‌می ڕێژیمی ئه‌سه‌د نییه و له ئێستادا وڵاتێکی شکستخواردووه که له نێو سنووره‌کانی خۆیدا بیر له خۆ پاراستن ده‌کاته‌وه، به‌ڵام له ئاستی نێوخۆیی پێش هه‌موو شتێک ئه‌وه‌ی بۆ ڕێژیم له چوارچێوه‌ی نێوخۆیی‌دا ڕووی داوه جێگای سه‌رنج و گرنگییه‌کی تایبه‌ته چونکه وێژمانی ڕێژیم لێک هه‌ڵوه‌شایه‌وه، ئێمه نابێت له بیرمان بچێت لێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پێکهاته‌یه‌کی ئیدۆلۆژیک له "وێژمانـ"ـه‌وه ده‌ست پێده‌کات له بناخه‌ی ڕه‌وایی بیرکردنه‌وه‌یه‌ک که له‌ودا سیسته‌می سیاسی هه‌یه و ئه‌و ڕووداوه له ئێستادا چوارچێوه‌ی وێژمانی ڕێژیمی ئێرانی له‌نێو بردووه و خامنه‌یی له وته‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوویدا هه‌وڵیدا بتوانێت به جۆرێک نۆژه‌نی بکاته‌وه و وره‌یانی پێ به‌رز بکاته‌وه هه‌تا وایان تێبگه‌یه‌نێت که هێشتا خاوه‌ن وێژمانن و ئه‌و وێژمانهش هه‌نووکه ده‌توانێت شوناسیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه به‌ڵام ده‌بێ بڵێین ئاکامی ئه‌و لێک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وێژمانه، ته‌نیا گرووپێک ده‌توانێت که‌ڵکی لێوه‌ربگرێت ئەویش ڕێفۆرمخوازه‌کانه که وێژمانی وان هێز ده‌گرێت و به‌و واتایه که ئه‌وانه‌ی له سه‌ر باوه‌ڕی بوونی به‌ره‌ی مقاومه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وته نابهجێیەکانی ڕێژیم له ناوچه‌که و چوارچێوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا بوون له ئاکامدا ئه‌و هه‌لومه‌رجه ده‌توانێت جۆرێک قورسایی هێز له ڕێژیم‌دا دروست بکات و ڕه‌قیبی خۆیان به جۆرێک سه‌رکۆنه بکه‌ن یان به واتایهکیتر ڕه‌خنه‌یان لێ بگرن یانی ئه‌و گرووپه ئه‌گه‌ر توانایی جووڵانه‌وه‌ی ببێت وه‌کوو ئه‌و گرووپانهنکه ده‌توانن ته‌نانه‌ت وه‌کوو یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت ڕۆڵی لێک هه‌ڵوه‌شانی ڕێژیم ده‌گێڕێت.
چواره‌م: ڕێژیم له بواری ئابووری و پێکهاته‌ی خۆشبژێوییه‌وه زۆر زیاتر له جاران شکستخواردووتره، ئه‌گه‌ر پێشتر ده‌یتوانی له ڕێگه‌ی به‌ره‌ی مقاومه‌ت و بابه‌تی ناوکییه‌وه و... چهنهلێدانێک بۆ کرانه‌وه‌ی ڕۆچنه‌یه‌کی ئابووری بکاته‌وه له ئێستادا ئه‌و توانایه‌شی لێ وەرگیراوهتهوه و پتر له‌وه بابه‌تی ناوکییه که هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کیی کرانه‌وه‌ی ڕۆچنه‌ی ئابووری و یان به شێوه‌ی قه‌زافی بینێنه لاوه یان ئه‌وه‌یه ده‌بێته شاخێک و به سه‌ر هه‌مووی پێکهاته‌ی ئابووریی و بژێوی ئه‌و ڕێژیمه‌دا ده‌ڕووخێت به‌گشتی ده‌مهه‌وێت بڵێم که ئه‌وه‌ی بۆ ڕێژیم له دوای به‌شار ئه‌سه‌د ڕوویداوه ڕوانگه‌ی زۆری هه‌یه هه‌تا لێیه‌وه بڕوانی که ئه‌و ڕوانگانه جۆره قه‌یرانێکی بۆ ڕێژیم به دواوه بوو که ڕۆژ به ڕۆژ قووڵتر و به‌رفراوانتر ده‌بێت.
هه‌ندێک له شرۆڤه‌کارانی سیاسی پێیان وایه دوای سووریه نۆرەی عێراقه. ڕای ئێوه له‌و بواره‌وه چییه؟
ئێمه ناتوانین به واتا گشتییه‌که‌ی له باره‌ی عێراقه‌وه قسه بکه‌ین، چونکه عێراق له بنه‌ڕه‌تدا گرووپێکی شیعه‌ن که ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست و له ڕاستیدا له دوو به‌ره‌ی سه‌ره‌کی پێکهاتوون. گرووپێک که پێیان باشه ڕه‌وتی سیاسی له عێراقدا ڕۆڵ بگێڕێت و عێراق ببێته ڕۆڵگێڕێکی ئاسایی و له بنه‌ڕه‌تدا لایه‌نگری ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نین. گرووپی دووهه‌م که له میلیشیاکان پێکهاتووه و له ده‌ستوپێوه‌ندییه‌کانی ڕێژیم و به‌ره‌ی مقاومه‌ت و شوناسی شیعه‌ی ویلایه‌تیی فه‌قێی ئێران به ئه‌ژمار دێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ڕوونه ئه‌وه‌یه له عێراقدا ئه‌و گرووپه‌ی له ڕێژیمی ئێرانه‌وه نزیکه تووشی قه‌یران بووه. ئه‌و گرووپه له دوو ڕێیانێکی دژواردایه و ده‌بێت هه‌ڵبژێرێت که ئایا وه‌کوو هێزێکی سیاسی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا چالاکی بکات، یان ئه‌وه‌ی درێژه‌ده‌ری هه‌مان ئیدۆلۆژیی نزیک له تاران ده‌مێنێته‌وه. نیشانه‌گه‌لێک هەن کە پێمان دەڵێن عێراقییه‌کان پاشه‌کشێیه‌کی زۆر جیددیان کردوه. یه‌که‌مین و گرنگترین پاشه‌کشێی ئه‌وان ئه‌وه بوو که نیانوێرا پشتیوانی له ئه‌سه‌د بکه‌ن تاکوو ڕێژیمی سووریه نه‌ڕووخێت. نیشانه‌ی دووهه‌م هه‌ندێکیان ڕایانگه‌یاند که چیتر له دژی ئیسڕائیل کارێک ناکه‌ن و به سه‌رنجدان له هه‌لومه‌رجی هه‌نووکه‌یی، ئه‌گه‌ر ڕه‌وتی سیاسی له سووریه له دۆخی نۆرماڵی خۆیدا جێگیر ببێت ئه‌وا ئه‌و گرووپانه ناچارن پاشه‌کشێ بکه‌ن. ناچار ده‌بن پێوه‌ندی و وه‌فاداریی خۆیان سه‌باره‌ت به تاران وه‌لا بنێن و وه‌فاداریی خۆیان بۆ به‌غدا بسه‌لمێنن به واتایه‌کی دیکه سه‌رچاوه‌ی وه‌فادارییان به‌غدا بێت نه‌ک تاران. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووداوه به‌گشتی ڕوو بدات ئه‌وا ڕێژیم له بنه‌ڕه‌تدا پاڵپشتی و سه‌نگه‌رێکی به ناو عێراق نامێنێت و له ئێستادا ئه‌و دۆخه‌ی له‌م ماوه کورته‌دا ڕوویدا شێعه‌کانی عێراق نه‌یانتوانی له سووریه‌دا یارمه‌تی ڕێژیم بکه‌ن و له دروستکردنی ژانه‌سه‌ر بۆ ئیسڕائیل خۆ ده‌بوێرن، ئه‌وه‌ش به‌و واتایه ئه‌و پاشه‌کشێیه‌کی ته‌واوه و شوێندانه‌رییه‌که‌ی پێش ئه‌وه‌ی له به‌غدا به‌دی بکرێت له تاران ده‌بینرێت.
بۆچی ڕێژیمی ئێران ئامادە نییە دان به شکستی خۆی دابنێ؟
هیچ پێکهاته‌یه‌کی ئیدۆلۆژیک، نادێموکراتیک و دیکتاتۆرییه‌ت نییه که دان به شکستی خۆیدا بنێت. له بنه‌ڕه‌تدا قه‌بووڵی شکست به واتای پێداچوونه‌وه به ته‌واوی ئه‌و شتانه‌یه که پێکهاته‌یه‌کی سیاسی لە سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا هه‌یبووه و هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی شێوازێکی نوێ بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه و چاکسازییه. به بڕوای من ئه‌گه‌ر ڕێژیمی ئیسلامی بچێته نێو وه‌ها هه‌لومه‌رج و دۆخێکه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له سه‌ر بنه‌ڕه‌تی وه‌همێکی زه‌ینی و ناڕاست بنیات نراوه، له‌گه‌ڵ کێشه‌یه‌کی زۆر ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. ئێمە هه‌تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌مان بینیوە که هیچکام له به‌رپرسانی باڵای ڕێژیم له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له سووریه‌دا ڕووی دا ئاماده نه‌بوونە ئه‌و شکسته قبووڵ بکه‌ن، چونکه ڕاگه‌یاندنی شکست به واتای هاتنه ده‌ره‌وه‌یه له به‌ره‌ی مقاومه‌ت له ده‌زگای زه‌ینی و وێژمان و ڕه‌فتاریی ڕێژیمی ئێران و هه‌روه‌ها پێداچوونه‌وه به بابه‌تی هاژه‌کی و ناوکیی ڕێژیمە، که ئه‌و سێ ڕوانگه ته‌واوی شوناسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن و قبووڵی ئه‌و شکسته به واتای وه‌لانانی ئه‌و شوناسه‌یه و وه‌لانانی ئه‌و شکسته سیسته‌م و پێکهاته‌ی ئه‌و ڕێژیمه تووشی قه‌یران ده‌کات، و هۆکاری ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا ئه‌و شکسته‌ی قبووڵ نه‌کردوه، بۆ ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه ڕووبه‌ڕوو نه‌بنه‌وه. بۆچی؟ بۆ ئه‌وه‌ی قبووڵی شکست له پێش هه‌موو شتێک له‌نێو سیسته‌مدا قه‌یران ده‌خوڵقێنێت و دواتر کۆمه‌ڵگه‌یش ده‌گرێته‌وه و ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا ڕێژیمی هێشتووه‌ته‌وه هه‌مان پێکهاته‌ی ئه‌منییه‌تی، سیاسی و باوه‌ڕه‌یه و ئه‌گه‌ر شکست ڕابگه‌یه‌نن ئه‌و ناوه‌نده به‌هێزه به ته‌واوی ده‌پسێت و لێک هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، له ڕاستیدا ئه‌وان له ڕێگهیهکدان که ئیمکانی گه‌ڕانه‌وه یان به قه‌وڵی ئه‌وان ڕاگه‌یاندنی شکستیان نییه، ئه‌وه‌ی له سووریه ڕووی دا شکستێکی زۆر به‌رچاو و ڕوونه که ته‌نیا خودی ڕێژیم ئینکاری ده‌کات.
دژبه‌رانی ڕێژیمی ئیسلامیی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌مه‌ڕ ئه‌م ئاڵوگۆڕیانهدا له چ دۆخێکی کارتێکه‌ریی و لێهاتووییدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن؟
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که دژبه‌رانی ڕێژیم هێشتا نه‌بوونه‌ته ئۆپۆزسیۆن "دژبه‌ری ناوه‌ندگه‌را". ئه‌وان هێشتا دژبه‌رن و وه‌کوو چالاکانی سیاسی ته‌نیا خه‌ریکی شرۆڤه‌کردنی دۆخی ڕێژیمن، نه‌ک سازکردنی به‌ستێنی لێک هه‌ڵوه‌شانه‌وه و ڕووخانی ئه‌و ڕێژیمه. به‌و واتایه‌یه که ئێمه هێشتا هێزێک نین که ئاسۆیه‌کی دیاریکراومان سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی گۆڕان له ئێران‌دا ببێت. هه‌رچه‌ند نابێ ئه‌وه له بیر بکه‌ین له په‌راوێزی دژبه‌رانی ڕێژیم ئێمه ئۆپۆزسیۆنێکی کوردستانی و بهلووچستانیمان هه‌یه کە خاوه‌نی مه‌رامنامه و ئاسۆیه‌کی دیاریکراون سه‌باره‌ت به گۆڕان و ڕووخانی ڕێژیم. به‌ڵام به‌داخه‌وه تێڕوانین به نیسبه‌ت گۆڕان له ئێران‌دا هێشتا له ژێر کارتێکه‌ریی ناوهندهگهراییدایه. هه‌ر به‌و هۆیه‌یه که ڕێگه‌ی گۆڕانی ڕێژیم له ئێران‌دا بووه‌ته به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ڕێک. له لایه‌کی دیکه‌ی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچه‌که، ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکه له ئێران. ئاڵوگۆڕییه‌ک وه‌کوو هێرشی ئیسڕائیل و بڕیاری وڵاتانی ناوچه‌که و ئەمریکا له ڕاستای ڕووخانی ڕێژیم‌دا کرده‌یه‌کی گونجاوه و له کۆتاییدا ده‌بێته هۆی هاواهه‌نگیی زیاتر. ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکیش له ئاکامی دۆخی ئابووری، بژێوی و گوشاره سیاسییه‌کانه‌وه بوو و به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی گه‌یاندن که نه‌مانی ڕێژیم داهاتوویه‌کی باشتری به دواوه‌یه. به‌گشتی سه‌رنجی من زیاتر له سه‌ر دۆخی نێوخۆیی ئێرانه که ده‌توانم بڵێم لێک هه‌ڵوه‌شانه‌وه له‌نێوخۆ یان ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی ئێران له کۆتاییدا ڕێژیم له‌نێو ده‌بات.
کاک حیسام سپاس له‌وه‌ی کاتتان دانا بۆ ئه‌م وتووێژه، ماندوو نەبن
ڕێزتان هه‌یه، هەروەها ئێوەش ماندوو نەبن.