پلانی ١٠٠ ڕۆژەی ڕێکخراوی یەکگرتوو دژی ئێرانی ناوکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نوێی ترامپ
و: کەماڵ حەسەنپوور
پێشەکی
ڕێکخراوی یەکگرتوو دژی ئێرانی ناوکی هێندێک پێشنیاری بە بەڕیوەبەرایەتیی نوێی ترامپ کردوە کە بە پلانێکی ١٠٠ ڕۆژە لە بنەڕەتدا سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران داڕێژێتەوە. ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێ ڕێژیمی ئێران وەک سەرەکیترین دەوڵەتی پشتگیریکەری تێرۆریزم ماوەیەکی دوور و درێژە هۆی سەرەکی ناسەقامگیریی ناوچەییە و تا ڕادەیەکی زۆر بێئەوەی بەرەوڕووی سزدان بێتەوە، تۆوی دووبەرەکی دەچێنێ. لە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی و پڕچەککردنی مەترسیدارترین تاقمە تێرۆریستییە ئیسلامییەکان لە ماوەیەکی دوور و درێژەوە بگرە تا ئەو دواییانە کە بۆ داگیرکردنی ئۆکراین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەناردەی ڕوسیە کردوە. هەموو ئەوانە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران سەرکوت دەکات و هەڕەشەی هەنگاونانی خێرا بەرەو چەکی ناوکی دەکات. ئێران قەت بە شیوەی شیاو ناچار نەکراوە بەرپرسیارەتیی ئەو کردەوانە بگرێتە ئەستۆ.
ئەوە دەبێ کۆتایی پێ بێ و، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو ترامپ و هەروەها گەلێک لە بەربژێرە پلەباڵاکانی کابینەکەی، هەر ئێستا ئاماژەیان بە ئامانجی خۆیان بۆ دڵنیا بوون لە ئاڵوگۆڕێکی ڕادیکاڵ لە کردەوە بەدخوازانەکانی تاران کردوە. پێشنیارەکانی ڕێکخراوی یەکگرتوو دژی ئێرانی ناوکی هەموو جۆرە ئامرازەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی ئەمریکا دەگرنەوە: سیاسی، زانیاریی، سەربازیی و ئابووری کە ئامرازی یەکلایەنەی وڵاتە یەکگرتووەکان و دەستپێشخەریی بۆ جێبەجێکردن لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا دەگرنەوە.
سیاسی
باس لە سیاسەت بەرانبەر بە ئێران لە یەکەم وتاری سەرکۆماریدا: سەرکۆماری هەڵبژێردراو دەبێ وتارێکی سیاسی پێشکەش بکات و لەودا خاڵە گشتییەکانی ستراتێژییەکەی بەرانبەر بە ئێران ئاماژەی پێ بکرێ و باسی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی تێدا بێ. سەرکۆمار نەتەنیا دەبێ ڕوو بە ئەمریکاییەکان، بەڵکو ڕوو بە ئێرانییەکانیش قسە بکات و بە ڕوونی بڵێ ئامانجی دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لاوازکردنی توانای کۆماری ئیسلامی بۆ شەڕەنگێزیی دەرەکی و سەرکوتی نێوخۆییە و بوار بۆ وەدیهێنانی خولیاکانیان خۆش دەکات.
بڕیارنامەی ڕەخنەگرانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی: بناخەی پەسەندکردنی بریارنامەیەکی ڕەخنەگرانە لەلایەن ئەنجومەنی وڵاتانی بڕێاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی دژی ئێران دابنرێ کە ئاماژە بە ڕەچاو نەکردنی ئەرکەکانی ڕێککەوتنی پەرەپێنەدان بە چەکی ناوکی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەنگاوی زیاتر بکرێ.
کەڵک لە مێکانیزمی پەلەپیتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرە: باس لە پشتگیریی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ کەلکوەرگرتن لە میکانیزمی سەپاندنی گەمارۆی پەلەپیتکە لە لایەن سێ وڵاتی ئورووپایی، لە ژێر بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێ کە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش واژۆ کردنی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران و تێکشکاندنی چوارچێوەی ڕێککەوتنە فەشەلە ناوکییەکە بەیەکجاری. گەمارۆکانی میکانیزمی پەلەپیتکە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ کاتیان بەسەر دەچێ و، دانانی بەرنامە بۆ کەلکوەرگرتن لە میکانیزمەکە دەبێ دەستبەجێ دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەرکۆماری هەڵبژێردراو ترامپ دەست پێ بکات.
هاوپەیمانییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران پێک بێنە: هاوپەیمانییەک لە وڵاتانێک پێک بێنێ کە ئامادەن هەنگاو بۆ تەریکخستنەوە و زەخت خستنە سەر کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکانی: ناوکی، پەرەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک، شەڕەنگێزیی ناوچەیی، تێرۆریزم، بارمتەگرتن، پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵیی بگرێتەوە. وڵاتانی ٥+١ (وڵاتە یەکگرتووەکان، بریتانیا، فەڕانسە، ئاڵمان، ڕوسیە و چین) چیدیکە تاقمێکی یەکگرتووی خاوەن داهاتوو نییە کە لەودا، بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوە ژیۆپۆلیتیکییەکانی ئەو دواییانە، لەگەڵ تاران هەڵسوکەوت بکرێ. بەڵام، ڕوانگەی ئورووپا بەرانبەر بە هەڕەشەی تاران لە لایەن ئورووپاوە، لەبەر دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە بۆ جەنگ دژی ئوکراین، لە لایەن تارانەوە بە شێوەی بەرچاو گۆڕاوە. ئەوە دەبێتە هۆی دەرفەتی بەهێز بۆ ورووژاندنی هاوپەیمانە ئورووپاییەکان و ئەوانی دیکە.
هاتوچۆی کاربەدەستانی ئێرانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان سنووردار بکە: سنوورەکانی سەفەرکردن کە لە یەکەم بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بەسەر نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بگەڕێنەوە، سەفەری دیپڵۆماتەکانی ئێرانی بۆ ماڵەکانیان، شوێنی کاریان و بینای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان سنوور دار بکەن. وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ خۆ لە دانی ڤیزا بە سەرکۆمار، وەزیری کاروباری دەرەوە و کاربەدەستانی دیکەی ئێران بۆ سەفەر بۆ نیویۆرک بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئەوکاتەی ئێران هەڕەشە لە خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکان دەکات، ببوێرێ.
گەمارۆکانی مافەکانی مرۆڤ هاوئاهەنگ بکە: لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشانی وڵاتە یەکگرتووەکان کار بۆ هاوئاهەنگکردنی گەمارۆکانی سەر ئەو کاربەدەستە ئێرانییانە بکەن کە بەرپرسی پێشێلکارییەکانی دژی مافەکانی مرۆڤن.
یاسای مەهسا جێبەجێ بکە: یاسای مەهسا جێبەجێ بکە، کە ڕێگا بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ڕێبەری گەورەی ئێران و کاربەدەستە پلەبەرزەکانی دیکە و یەکەکانی تێوەگلاو لە تێرۆریزم و پێشیلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەدا.
حوسییەکان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانی دەستنیشان بکە: تاقمی میلیشیایی ئەنسارئەڵڵا (حوسییەکان) لە یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و بووەتە هۆی وەستاندنی بەرچاوی کەشتیوانیی جیهانیی بە هێرشەکانی و فڕاندنی کەشتییە زەبەلاحەکان، بە تایبەت لە دەریای سوور، جارێکی دیکە وەک ڕێکخراوی تێرۆریستیی بیانی دەستنیشان بکە.
سوپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەستنیشان بکە: ببە بە پێشڕەوی هەوڵەکان بۆ ڕاکێشانی هەرچی زۆرتری وڵاتانی دنیا بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، وەکوو چۆن وڵاتە یەکگرتووەکان لە سەردەمی یەکەم بەڕێوەبەرایەتیی سەرکۆماریی هەڵبژێردراو ترامپدا ئەو کارەی کرد. هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتووەکان، لەنێویاندا بریتانیا، لە ڕابردوودا ئامادەیی خۆیان بۆ هەنگاوێکی ئەوتۆ دەربڕیوە.
بەربەرەکانی لەگەڵ دزەکردن بکەن: بە هاوبەشیی هاوپەیمانە ئورووپاییەکان گەمارۆ بخەنە سەر تۆڕەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دانانی کاریگەریی و دزەکردن لە نێو ڕۆژئاوا و ئەو تۆڕانە هەڵوەشێنن کە لە ژێر دەمامکی ئایینی و فەرهەنگیدا کار دەکەن. وەک ڕێکخراوی یەکگرتوو دژی ئێرانی ناوکی ئاشکرای کرد، ئەو ناوەندانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە سوپای پاسداران و هەوڵەکانی بۆ حاملاندنی توندئاژۆیی و دژە جوولەکەی توندڕەو لە سەر خاکی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە.
ئۆپەراسیۆنی ئاگادار کردنەوە و بەربەرەکانی لەگەڵ سانسۆر و بڵاو کردنەوەی زانیاریی هەڵە
ئۆپەراسیۆنە دەروونییەکان: هێزێکی چالاک لە بارەی ئێراندا دروست بکە پسپۆڕی ئۆپەراسیۆنە دەروونییەکان بە زمانی فارسی بێ بۆ ورەبەخشین بە هەوڵە دێموکراتیکەکانی خەڵکی ئێران، هاوکات بە مەبەستی لاوازکردن، دووبەرەکینانەوە و بنکۆڵ کردنیان، لە کەمپەینی ئۆپەراسیۆنی دەروونیدا ڕێژیم و سوپای پاسداران بە ئامانج بگرێ.
لاواز کردنی سانسۆڕ: پێشترییەتی بە هەوڵەکان بۆ دڵنیا بوون لە دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە زانیاریی سانسۆڕنەکراو بدە. ئەوە دەبێ پشتگیریی و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیی وەک ئینتەرنێتی ساتەلایتیی ستارلینک بگرێتەوە، کە کاناڵی جێگرەوە بۆ پەیوەندیی گرتن و بڵاو کردنەوەی زانیاریی جێگای متمانە دەستەبەر دەکات.
بەرپەرچی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و ئۆپەراسیۆنەکانی کاریگەریی خراپ بدەرەوە: ئەوە ستراتیژییەکی گشتگیر دەخوازێ تا هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵمەتەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە لەلایەن ڕێژیمی ئێران لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و دنیای ڕۆژئاوا بکرێ. ئەو هەڵوێستە دەتوانێ بەهێزکردنی گێڕانەوەی جێگای باوەڕ، هاوکاریی لەگەڵ هاوبەشانی نێودەوڵەتی و کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بۆ بە ئامانج گرتن و سڕینەوەی زانیاریی هەڵەی ئێران و کەلکوەرگرتن لە تواناییەکانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بۆ ئاشکرا کردن و پووچەڵ کردنەوەی پرۆپاگاندا درۆیینەکانی ڕێژیمی ئێران بگرێتەوە. ئەوە هەروەها دەبێ گەمارۆ خستنە سەر تاک و یەکەی ئێرانی بگرێتەوە کە هەوڵ دەدەن دزە بکەنە نێو دێموکڕاسییەکانی ڕۆژئاوا، لە نێویاندا زانستگاکان، ئینستیتۆکانی توێژینەوە و مێدیا بۆ برەودان بە بەرژەوەندییەکانیان. بەڕێوەبەرایەتیی داهاتوو دەبێ لەگەڵ کەرتەکانی گشتی و تایبەت بۆ کەڵک وەرگرتن لە باشترین ڕێکارەکان، وردبینییەکان وستانداردەکانی ئاشکراکردن لە سەرجەم هەڵسوکەوتەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کار بکات.
سیاسەتی گشتیی وڵاتە یەکگرتووەکان ببووژێنەوە: بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەبێ پێشرەوی هەوڵەکان بۆ بووژاندنەوەی سیاستی گشتیی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە ئێران بێ، بە تایبەت ئەژمارەکانی سۆسیال مێدیا بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی پەیوەندیدار و داهێنەرانە لە مەڕ ئەو بەسەرهاتانە کە خەڵکی ئێران ڕاستەوخۆ پێیانەوە سەرقاڵن. پەیامی وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ جەخت لەسەر تەریک خستنەوەی کۆماری ئیسلامی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەمەڕ گەندەڵیی ڕێبەریی ئێران، دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی و بەفیڕۆدانەکانیان بێ، هاوکات خەڵکی ئێران بەهێز بکات.
ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و تایبەت
لێدوانی فەرمی لەمەڕ لەکارکردنی هێز: سەرکۆماری هەڵبژێردراو ترامپ دەبێ لە وتاری ڕاگەیاندنی سیاستەکەیدا بەئاشکرا و بێ پێچ و پەنا بڵێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەکارهێنانی هێزی سەربازیدا دوو دڵ نابێ، بێتوو بەرنامەی ناوکی ئێران بەرەو پەرەپێدانی زیاتر بە تواناییەکانی هەنگاو بنێ. ئەو هەروەها دەبێ داوا لە ئێران بکات پرەنسیپی سڕکردنی پیتاندن یان کەم کردنەوەی ئاستی ئۆرانیۆمی پیتێندراو قبووڵ بکات. بە هەمان شێوە، ئەو دەبێ بەئاشکرا بڵێ کە بێتوو ئێران یان بەکرێگیراوەکانی زەرەر بە ئەمریکاییان بگەیەنن، هێرشەکان بە هێرشی ڕاستەوخۆی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە نێوخۆی ئێران وەڵام دەدرێتەوە.
دانی چەک و تەقەمەنیی پێشکەوتوو بە ئیسڕائیل: دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل بکە بۆ گواستنەوەی هاژەکی GBU-57کە بۆ تێکشکاندنی بنکەی ژێر زەوی کەڵکی لێ وەردەگیرێت، بۆ ئەوەی ئیسڕائیل بتوانێ هێرش بکاتە سەر ئامانجی ناوکی پتەوکراو وەک بنکەی پیتاندنی فۆردۆ، و هەروەها بۆمبهاوێژی B-52 وەک هەڵگری ئەو هاژەکانە بەکرێ بدە بە ئیسڕائیل. بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەبێ هەروەها دڵنیایی بدا کە فڕۆکەی هەڵگری سووتەمەنی بوئینگ KC-46A کە قەرارە لە سەرەتای ٢٠٢٥ بدرێن بە ئیسڕائیل، لە کاتی خۆیدا ئەو کارە دەکرێ.
بەڕێکردنی چەکوچۆڵ بۆ هاوبەشە عەڕەبەکان زیاد بکە: بەڕێوەبەرایەتیی نوێی ترامپ دەبێ بەڕێکردنی چەکوچۆڵ بۆ هاوبەشە عەڕەبەکان زیاد بکات تا تواناییە چاوترسێنکەرانەکانیان دژی ئێران باشتر بکات.
لە هێرشی ئامانجدار بەردەوام بە: فەرماندەکانی سوپای پاسداران، ئەندامانی بەوەجی سوپای قودس و وەزارەتی هەواڵگریی لە نێوخۆی ئێراندا بە ئامانج بگرە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی زەرەر بە ئەمریکاییان بگەیەنێت. لە جانیوەری ٢٠٢٠ لە هێرشێکدا ژەنڕاڵ قاسم سلێمانی کوژرا کە لێدانێکی گورچوبڕ لە سوپای قودس بوو و تواناییەکان و پێکهاتەکەی بنکۆڵ کرد. بەڕێوەبەرایەتیی نوێ دەبێ هەروەها ڕوونی بکاتەوە کە ڕێبەریی حوسییەکان دەبێتە ئامانجی سەربازیی ڕەوا لە وەڵامی هەر هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر پاپۆڕە مەدەنی و سەربازییەکانی ئەمریکا.
ئامرازەکانی سەرکوت لاواز بکە: لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی لە ئێڕان، دامەزراوەی سەرکوتکاری سوپای پاسداران، بە ئامرازی سایبەری و فیزیکی بە ئامانج بگرە، بێتوو بڕیار بدا توندوتیژانە خۆپیشاندەرانی ئێرانی سەرکوت بکات. ئەو هەنگاوانە دەتوانێ تواناییەکانی سوپای پاسداران لاواز بکات، ڕێژەی خوێنڕێژیی لە سەر شەقامەکانی ئێران کەم بکاتەوە و، پشتگیریی لە داوا دێموکراتیکەکانی خەڵکی ئێران بکات.
بەرنامەی وازهێنانی سەربازی: بەرنامەی ئامانجدار و گشتگیری وازهێنان داڕێژە کە ببێتە هۆی هاندانی مۆرە پلەبەرزەکانی ڕێژیم، لە نێویاندا ئەندامانی سوپای پاسداران، بەسیج و پێکهاتەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە ئاسایشەوە، تا واز لە ڕێژیم بێنن.
ئابووری و کەشتیوانی
گەمارۆی دارایی: پێشترییەتی بدە بە بەربەرەکانی لەگەڵ سپی کردنەوەی دراو و دابین ردنی پشتگیریی دارایی بە هەڵوێستی فرە ڕەهەند کە ئابووری ئاشکرا و ئابووری ڕەش/شاراوەی کۆماری ئیسلامی بە ئامانج بگرێ. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی، گەمارۆی بەهێز بە سەر دامەزراوە گرینگە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە نێویاندا یەکە ڕووکەشییەکانی کە بە نێوی "خێر خوازیی" کار دەکەن و کەسانی پیوەندیدار بەوانەوە بسەپێنێ و جێبەجێیان بکات. بەڕیوەبەرایەتی نوێ هەروەها دەبێ دەست بە هەڵمەتی ئاشکرا بکات کە لەواندا خەڵات بۆ دانی زانیاریی یەکلاکەرەوە دیاری بکرێ تا ئەو ئێرانییانە، یان ئەو کەسانەی هاوکاریی کۆماری ئیسلامی دەکەن، هان بدا زانیارییەکان لەمەڕ گەندەڵیی ڕێژیم، سپی کردنەوەی دراو و چالاکیی تاوانکارانەی ڕێژیم ڕادەست بکەن.
داخستنی بانکەکانی ئێرانی: کار بۆ ناچارکردنی هاوپەیمانان و هاوبەشانی وڵاتە یەکگرتووەکان، بە تایبەت لە ئورووپا بکرێ تا ئەو بانکانەی لەوێ چالاکن داخرێن. بۆ وێنە، بانکی میللی، بانکی سێپە، بانکی سادرات و بانکی بازرگانیی ئورووپا-ئێران درێژە بە چالاکییەکانیان لە ئاڵمان دەدەن سەرەڕای پەیوەندییەکانیان بە تارانەوە. بە هەمان شێوە، چەند بانکی ئێرانی کە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆیان بەسەردا سەپێنراوە، لقەکانیان لە بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا، سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا چالاکن. ئەوانە دەبێ هەموویان داخرێن.
بەربەرەکانی لەگەڵ گەندەڵی: دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان، بە هاوکاریی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی هێزێکی بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتداران، بەکرێگیراو و ئۆلیگارکەکانی ئێرانی دروست بکات، کە هاوشێوەی ئەو هێزە بێ کە جەخت لەسەر ڕووسیە دەکات، تا بتوانێ سامانی کۆکراوە کە بە شێوەی نایاسایی لە خەڵکی ئێران دزراوە و ئۆلیگاریی ئێرانی و ئەندامانی بنەماڵەکانیان گواستوویانەتەوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپەیمان و هاوەبەش، لە نێویاندا ئورووپا، دەستیان بەسەردا بگیرێت.
سندووقی دابین کردنی دارایی بۆ دێموکڕاتیزە کردن: بە هاوکاریی هاوپەیمانان و هاوبەشانەوە، کەڵک لە سامانە سڕکراوەکانی ئێران بۆ دروستکردنی سندووقی دێموکراتیزە کردن وەرگرن تا پشتگیریی دارایی دابین بکات، لەنێویاندا سندووقی مانگرتن، بۆ خەڵکی ئێران و پشتگیریی لە ئاواتە دێموکراتیکەکانیان. مودێلەکە دەبێ هاوشێوەی گواستنەوەی سامانی ڕوسیە بۆ ئوکڕاین بێ. ئەوە دەبێ هەر جۆرە سامانێک بگرێتەوە کە پەیوەندیی بە ئۆلیگارکەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بتوانن دەستی بەسەردا بگرن.
ڕاگەیاندنی ئاشکرا لەمەڕ خۆ لادان لە سەپاندنی گەمارۆکان: سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەمەڕ جێبەجێ کردنی تەواوی گەمارۆکانی سەر نەوتی ئێران و کەم کردنەوەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی ڕابگەیەنە. بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەبێ بە فەرمی بۆ چین، کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران، ڕوون بکاتەوە کە ئەو کڕینانە کاردانەوەی دەستبەجێ و بەهێزی لەسەر پەیوەندیی واشینگتۆن و بەیژینگ دەبێ.
جێبەجێ کردنی گەمارۆکان بەهێزتر بکە: پێشترییەتی بە جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکان بە مەبەستی تێکدانی هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی ئێران بدە. ئەوە جێبەجێکردنی بەهێزی یاسای گەمارۆی ئێران، یاسای بەربەرەکانی لەگەڵ بەرهەڵستکارانی ئەمریکا بە گەمارۆ و، یاسای ئازادیی ئێران و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی تاوانی ناوکی، دەگرێتەوە. ئەو یاسایانە چوارچێوەی پێویست بۆ سزادانی ئەو لایەنانەی لە کەشتیوانیی، بیمە کردن، دابین کردنی دارایی یان شێوازی دیکەی ڕەخساندنی بوار بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران تێوەگلاون، دەستەبەر دەکات. جێبەجێ کردنی هەوڵەکان دەبێ جەخت لەسەر دۆزینەوە و بە ئامانج گرتنی ئەو پاپۆڕانە بکات کە خەریکی گواستنەوەی نەوتی ئێران یان گواستنەوە لە پاپۆڕێکەوە بۆ پاپۆڕیکی دیکە یان گواستنەوەی نەوتی ئێران بە تایبەت لە شوێنی خاوەن ڕیسکی زۆر وەک کەنداوی فارس و ڕۆژهەڵاتی ئاسیان، هاوکات کەڵک لەو یاسایانە بۆ سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بە سەر ئەو لایەنانەدا کە لە خۆ لادان لە جێبەجێ کردنی گەمارۆکان دا چالاکن، وەرگیرێت.
دەرئەنجام
بە سەر یەکەوە، ئەو پێشنیارانە نەخشەڕێگایەکی یەکلاکەرەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نوێ پێک دێنن. بە جێبەجێکردنی خێرا وکاریگەری ئەوان، وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ بە شێوەی بەرچاو توانای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تێرۆر کەم بکاتەوە، پێش بە دەستڕۆیشتووییە ناسەقامگیرکەرانەکەی بگرێ و هێز و ئاسایشی ئەمریکایی بسەپێنێتەوە. مەودای نەخشەڕێگایەکە، چڕیی و هاوئاهەنگیی لە نێوان بەرەکانی دیپلۆماتیک، زانیاریی، سەربازیی و ئابوورییەکانەوە، دڵنیایی دروست دەکات کە ئێران ناچار بکرێ بە ڕێبەریی بەهێز و یەکلاکەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان، بەرپرسیارەتی وەئەستۆ بگرێ.