کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکۆی خوێنینی قوتابییەک لە حوجرەوە

13:28 - 1 رێبەندان 2724

شکۆی خوێنینی قوتابییەک لە حوجرەوە

شەهید عه‌بدوڵڵا محه‌ممه‌دی ناسراو به‌ فه‌قێ عه‌وڵا

 

برایم چووکەڵی

لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی حیزبی دێموکراتدا زۆر ڕۆڵەی تێکۆشه‌ر و شێلگیری ڕێگای ئازادی هه‌بوون که‌ له‌ دوو قۆناغی خه‌بات‌ و دژی دوو ڕێژیمی سه‌ره‌ڕۆی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا وه‌ستاو‌نه‌وه‌ و هیچ کۆسپ و له‌مپه‌رێک‌ نه‌یتوانیوه‌ هه‌نگاویان پێ شل بکات. یه‌کێک له‌و فیداکارانه‌ شه‌هید عەبدوڵڵای محه‌ممه‌دی ناسراو به‌ فه‌قێ عه‌وڵا له‌ ناوچه‌ی ڕه‌به‌ته‌.

عه‌بدوڵڵا محه‌ممه‌دی ساڵی ١٣٢٩ی هه‌تاوی له‌ ئاوایی "نواوێ"ی ڕه‌به‌ت له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ری ئایینیدا چاوی به‌ ڕووی ژیاندا کردەوە. کاتێک ته‌مه‌نی گه‌یشته‌ ٧ساڵان به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ نواوێ قوتابخانه‌ نه‌بوو، ڕه‌وانه‌ی حوجره‌ی فه‌قێیان کرا. پاش ماوه‌یه‌ک مانه‌وه‌ له‌ حوجره‌ی فه‌قێیاندا لە ئه‌ده‌بییاتی فارسی‌ و عه‌ره‌بی شاره‌زایی په‌یدا کرد و زوو بەو ئاکامە گەیشت کە ئایین هیچ ناته‌باییه‌کی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌خوازی نیه‌.

فه‌قێ عه‌وڵا له ‌ته‌مه‌نی ١٧ ساڵیدا پێوه‌ندیی به‌حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ گرت. ساڵی ١٣٤٦ کاتێک کادره‌ شۆڕشگێڕه‌کانی حیزب، دوڕگەی به‌قه‌ول مەندی پاشایەتییان شڵه‌ژاندبوو ناوبراو پێوه‌ندی به‌ خه‌باتگێڕانی دێموکراته‌وه‌ گرت‌ و شه‌ڕه‌فی ئه‌ندامه‌تی حیزبی وه‌رگرت. ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌ست‌پێکردنی تیکۆشانی سیاسیی فه‌قێ عه‌وڵا بوو. ئەو وه‌ک ئه‌ندامیكی به‌دیسیپلین کاری له‌نێو فه‌قێیە‌کانی ناوچه‌ی ڕه‌بەت‌ و سه‌رده‌شتدا ده‌ست پێ کرد و هه‌ر له‌و کاته‌‌دا بۆ سەرکەوتنی خه‌باتی ساڵه‌کانی ١٣٤٦‌-١٣٤٧ ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا بوو کردی. ئه‌گه‌رچی سه‌رکوتکردنی ئەو خه‌باتە چەکدارییە کۆستێکی گه‌وره‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد و حیزبی دیموکرات بوو ، به‌ڵام فه‌قێ عه‌وڵا ده‌ستی له‌سه‌ر ده‌ست دانه‌نا و، زۆر ئازایانه‌ له‌ زۆر شوێنی ناوچه‌ی ڕه‌به‌ت له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌‌کاندا لە شیکردنەوەی سیاسه‌تی حیزب بەردەوام بوو، وخه‌ڵكی بۆ بەردەوامی لەسەر ڕیبازی شه‌هیدان هان ده‌دا.

فه‌قێ عه‌وڵا لە خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی له‌ پێشه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران‌ بوو. ئەو تەمەنی ٢٧ ساڵان بوو کە ئاواتی گەورەی هاتە دی و لافاوی ئاگر و خوێن‌ و بێزاریی کۆمەڵانی خەڵک لە شار و گوندەکان هاتە کوڵین ‌و چۆکی بە دامودەزگای ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەویدا دا. پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایه‌تی و ده‌ست‌پێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان فه‌قێ عه‌وڵای محه‌ممه‌دی وەک یەکەم کەسه‌کان پێوەندیی بە حیزبەوە گرت و بەڵێنی بە حیزب ‌و نەتەوەکەی‌ دا هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەکەی ساتێک لە خەبات ‌و تێکۆشان نەوەستێ‌.

فه‌قێ عه‌وڵا  سەرەتا له‌ هێزی ١١ی شه‌هید موعینی ده‌ستی به‌ تیکۆشان کرد و زۆر زوو له‌ ناوچه‌ی ڕه‌به‌ت ده‌ستی به ‌ڕێکخستنی خه‌ڵک کرده‌وه‌ و خه‌ڵکێکی زۆر له‌ لاوانی ئه‌و ناوچه‌یهی‌ له‌ ده‌وری ئاڵای پیرۆزی حیزبه‌که‌ی کۆ کرده‌وه‌. کاتێکیش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر کوردستان و شەڕی بەسەر کورددا سەپاند، فه‌قێ عه‌وڵا زۆر ئازایانه‌ به‌گژ داگیرکه‌راندا چۆوه‌ و شانبه‌شانی ناوچه‌کانی دیکه‌، کوردستانیان له‌ دوژمنان کرده‌ گۆڕستان.

فەقێ عەوڵا لە ماوەیەکی کورتدا سەلماندی کە بڕوایەکی پتەوی بە ڕێبازەکەیەتی ‌و لە شەڕ لەگەڵ دووژمناندا نیشانی ‌دا چاونەترس ‌و بوێرە. هەربۆیە زۆر زوو پلەکانی پێشمەرگایەتیی یەک لە دوای یەک بڕی و ساڵی ١٣٦٠ وەک فەرماندەری لکی مینەشەم دیاری کرا. ئەو لەو بەرپرسایەتییەدا زۆر شەڕی ئازایانەی لە ناوچەی ڕەبەت فەرماندەهی کرد، بەتایبەتی ساڵی ١٣٦١ کاتێک ڕێژیم هێرشی کردە سەر گوندی "خولیسان"، قارەمانانی لکی مینەشەم زۆر ئازایانە هێزی ڕێژیمیان تیک شکاند و بە دەیان کەسیان کوشت ‌و دەیان چەکداری ڕێژیمیان بە دیل گرتن. عەمەلیاتە پەیتاپەیتاکانی لکی مینەشەم بوو بە هۆی ئەوەی دەفتەری سیاسیی حیزب بڕیار بدا لکی مینەشەم بکرێ بە هێز و قارەمانی وەک فەقێ عەوڵا بە فەرماندەری هێزی مینەشەم دیاری کرا. فەقێ عەوڵا کاتێک ئیبلاغی بەرپرسایەتیی فەرماندەریی هێزی وەرگرت زۆر جەسوورانە شانی دا بەر ئەو بەرپرسایەتییە و دەیان عەمەلیاتی قارەمانانەی لە ناوچەی سەردەشت‌ و ڕەبەت بەڕێوە برد، چەندین موڵگەی بەسەر بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا وێران کرد، دەیان کەمینی لەدژی هێزەکانی ڕێژیم دانایەوە و چەندین هێرشی تێکشکاند.

بەهاری ساڵی ١٣٦٣ لە کاتێکدا سروشت دیمەنی تازە و نوێی بە خۆیەوە دەگرت و دار و دەوەن و لێڕەوارەکانی ناوچە ڕەبەت لە خەوی سێ مانگەی زستان وەخەبەر دەهاتن و ڕوحێکی نوێیان دەهاتەوە بەر، دوژمنی سوێندخواردووی نەتەوەی کورد بە هێزیکی یەکجار زۆرەوە هێرشیان هێنایە سەر گوندی "چوالان" و دەورووبەری ئەو گوندە لە ناوچەی ڕەبەت. پێشمه‌رگه‌کانی دێموکرات ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوە لە چەندین شەڕگە بەرەنگاری لەشکری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی  بوونەوە. ڕۆژی هەوڵ و هیممەت و ئازایەتی بوو، ڕۆژی دیفاع لە شەڕەف وک ەڕامەتی نەتەوەکەمان بوو. لە رۆژی یەکەمی شەڕدا بۆ جارێکی دیکە سەلماندیان‌ کە کوردستان سەنگەری دیفاع لە ئازادییە و بۆ دوژمن سەر نەوی ناکا. شەڕ لە چەندین بەرە بەتوندی بەردەوام بوو. فەقێ عەوڵای فەرماندە چاوەدێریی به‌سه‌ر شەرگەکاندا دەکرد، سەنگەراوسەنگەری دەکرد و بۆ ساتێک وەستانی نەبوو، و هیوا و ئۆمێد و ورەی بە هاوسەنگەرانی دەدا.

 ڕۆژەکانی ١٦ و١٧ی خاکەلێوەش شەڕ هەر درێژەی هەبوو. لەو ٣ ڕۆژەدا پێشمەرگە فیداکارەکانی دێموکرات هەڵۆئاسا، دەرسێکی لەبیرنەکراویان بە هێزی دوژمن دا کە ئێستاش خەڵک وەک نموونەی قارەمانەتی بۆ ڕۆڵەکانیان دەگێڕنەوە. ڕۆژی ١٧ی خاکەلێوە بوو کە هاورێی فەرماندە فەقێ عەوڵا لە ئاکامی ئەو خۆڕاگری و بەربەرەکانییە کەم وێنەیەدا لەگەڵ ٦ هاوسەنگەری دیکەی بە ناوەکانی حوسێن شەمامی، محەممەد شێخەیی، عەلی شەریفزادە، عومەر ڕەحمانی، برایم ئەحمەدی و محەممەد گەرۆری چوونە نێو ڕیزی پڕ لە شانازیی کاروانی شەهیدان و لە سەنگەری دیفاع لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەیاندا سەریان دانا.