دوو" و "دوازدە"ی ڕێبەندان تەنیا نۆ ڕۆژیان نێوانە؟"
دارسمە
دوو" و "دوازدە"ی ڕێبەندان لە سەدەی ڕابردووی مێژووی ئوممەت و میللەت و خەڵک و نەتەوە و گەلانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ و هەموو موسوڵمانان و کوردانی دراوسێی ئێراندا بوونەتە دوو ڕۆژی مێژوویی و بە کوێریی چاوی کوێری دوژمنانی ئوممەت و میللەت و خەڵک و نەتەوە و گەلانی ئێران بەردەوام ناویان دەمێنێتەوە.
مێژوونووسانی نێوخۆیی و دەرەکی و چاودێرانی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتیش زۆریان لەسەر ئەم دوو بۆنەیە نووسیوە. ئەو ئوممەتە "هەمیشە دەر سەحنەیە"ی لەم دواییانەدا لە فەلەستین و لوبنان و سووریە و ئەم عێراقەی دراوسێمانەوە بە بەشێک لە هەمان ئوممەتی هەمیشە دەرسەحنە بوون، ئێستا لە دوورەوە بەرەو نێوخۆی ئێران خەریکن لە هەندێک شوێن بە خێرایی و لە هەندێکیش بە نەرمی و وردەوردە خەریکی چۆڵکردنی ئەم سەحنە بەرینەن. لەبیرتان نەچێت ئەوەی چۆڵ دەکرێت "پانتایی" ئەو شوێنانەیە ئوممەت بە تەمابوو بۆ هەمیشە لێی بمێنێتەوە و بە هیچ شێوەیەک مەبەستی نووسەر شاری "سەحنە"ی پارێزگای کرماشانی خۆرهەڵاتی کوردستان نییە و ئەم شارە هەر وەک سەحنەی کوردانی یارسان لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.
دیارە چۆڵکردنی سەحنەی "مەیدان"یش لە لایەن ئوممەتی ڕاکردوو لە سەحنە، وەک لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دیتمان بە شلی و توندی و به خێرایی و نەرمی بەڕێوە دەچوو. بە تایبەت دوای ڕووخانی حکومەتی سیکۆلاری ئیسلامپەسەندی ئەسەدەکان لە سووریە ڕەوتی ڕاکردنی ئوممەت لە سەحنە خێراتر بوو. بەڵام کاتێک گەیشتە نێوخۆی ئێران و پاش سەپاندنی ئاگربەست لە لایەن حەماسەوە بەسەر ئیسرائیل و ئەمریکادا، هاوکێشەکە گۆڕانی بەسەر داهات. ڕۆژی هەینیی ٢٩ی بەفرانبار واتە دوو ڕۆژ پێش "دووی ڕێبەندان"، ئەوەندە ئوممەتەی لە شارە گەورەکانی ئێران بە هەناسەبڕکێوە لە سەحنەدا ماون، دوای کوژرانی ڕەئیسی و هەنیە و سینوار و حەسەن نەسروڵڵا و زیاتر لە نزیکەی ٥٠ هەزار فەلەستینی و لوبنانی، سەپاندنی ئاگربەست لە لایەن فەلەستینیانەوەیان کردە جێژن.
لەم دێڕانەی سەرووتردا، بە ناچاری چەند جارێک باسی وشەی نەرممان کرد و گوتمان بەشێک لە ئوممەت بە نەرمی پاشەکشەیان کرد. ئەم وشەی "نەرمە" پێویستیی بە لێوردبوونەوەی زیاتر هەیە و سەرەڕای ئەوەی وشەی "نەرم" بۆ زۆر شتی نەرمی خۆش و ناخۆش کەڵکی لێوەردەگیرێت، بەڵام وشەی تێکەڵاوی دیکەی وەک "نەرمش"یشی لێ دروست دەبێت. بۆ وێنە دەکرێت ئاماژە بە "نەرمشی" بەیانیان و "نەرمشی قارەمانانە" بکەین. دیارە ئەوانەی کەمێک بایەخ بە تەندروستیی خۆیان دەدەن، بەیانیان نەرمش دەکەن و هەموومان دەزانین نەرمشی بەیانیان چییە، بەڵام "نەرمشی قارەمانانە" دەستەواژەیەکە لە لایەن میرزا عەلی خامنەیی و ڕێبەری ئوممەتی سەحنە چۆڵکەرەوە دانراوە و جۆرە نەرمییەکە بۆ کشانەوە لەو سەحنەیەی هەندێک کەس بە خێرایی و بە نەرمی لێی دەکشێنەوە. ئەم نەرمشە قارەمانانەیە بۆ خەڵکی نێو کۆزیلەکەی بەجێماو لە ئوممەتی لە سەحنە ڕاکردوو پاساوێکی بەجێیە. ئەگەر وایە با بەردەوام بێت نەرمشی قارەمانانە.
بەڵام قسەی خۆمان بێت، کێشە لە نێوان دوو سبەی و ١٢ ڕۆژی دیکەدایە. دوو سبەی و ١٢ ڕۆژی دیکە یانی "دوو" و "دوازدەی ڕێبەندان" وەک لە سەرەوە باسمان کرد بۆ هەمیشە لە مێژووی ئێران و ناوچە و تەنانەت جیهانیشدا دەناسرێتەوە. دووی ڕێبەندان ئەو ڕۆژەیە لەم مەهابادەی دوای هەمان ڕۆژەوە بووەتە وێردی سەر زمانی هەموو کوردانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین و ئەولاتریش. ڕۆژێکە تێیدا ئاڵای کوردستان بۆ یەکەم جار بە ئازادی هەڵدرا. ئەم ئاڵایە پارچە پەڕۆ چوارڕەنگەکەی نا، بەڵکوو دارەکەی زۆر ڕەق و بە گرێیە و نەیارانی کوردان بە تایبەت لە ئێران، عێراق، تورکیا و سووریە تووشی ژان و برین دەکات، بەڵام دوای سەرهەڵدانی تەکنۆلۆژیای نوێ و لە سەردەمی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وردە وردە ئاڵاکە بێ داریش دەشەکێتەوە و ئەمەش هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ نەیاران هەواڵێکی خۆشە، چونکە لەلایەک ئەم دارە ئازاردەرە نامێنێت و لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی ئاڵا بە داکوتانی دارەکەیەوە زۆر ماندوو نابن و وەک دەشبینین ئەم ئاڵایە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بەردەوام و زۆر زۆر زیاتر لەو کاتە دەشەکێتەوە و نەیارانیش جگە لەوانەی ئێران، لە بەرانبەر ئاڵای بێ داردا خەریکی نواندنی "نەرمشی قارەمانانە"ن. بەم جۆرە ئێران لە جیات شۆڕشی ئیسلامی نەرمشی قارمانانەی هەناردەی دەرەوە کردوە.
دیارە هەموومان جیاوازیی نێوان "دوو" و "دوازدەی" ڕێبەندان دەزانین و ئەگەر هەر هیچی لێ تێنەگەین، ئەوەندە دەزانین لە ئەژماردندا ٢ زۆر لە پێش ١٢دایە و لە ٢ڕا هەتا دەگەینە ١٢ پێویستە ٩ دەنکی دیکە بژمێرین. سەبارەت بە ٢ی ڕێبەندان گوتمان ئەم ئاڵایە لەوکاتەوە بە شێوەی ڕەسمی بە بەشداریی جەماوەری خەڵک لە مەهاباد هەڵدرا و ئێستاش لە نێو جەماوەرێکی هەزاران ئەوەندەی جەماوەری ئەوکاتدا دەشەکێتەوە و گوتیشمان هەوڵدان بۆ "تاسولووس" کردنی داری ئاڵا و لە شێوازی گونجاودا شەکانەوەی ئاڵای بێ دار بەشێکی بەرچاوی کێشەی شەکانەوەی ئاڵای کوردستانی چارەسەر کردوە. بەڵام بۆ ١٢ی ڕێبەندان دەبێت بڵێین ١٢ هەتا ٢٢ی ڕێبەندان بۆ دانشتوانی ئێران بە کوردستانیان و ئەوانی دیکەوە بە "دەیەی فەجر" بە مانای "دەیەی سەرلە بەیانی" دەستی پێ کردووە.
ئەم سەرهەڵدانی "ئوممەتی دەر سەحنە"یەش لەوێوە دەستی پێکرد و ئێستا خەریکە دەیەی بەیانی ئێوارەی بەسەر داهاتووە و بەرەو تاریکان دەڕوات و گومانی تێدا نییە تاریکانیش بەیانییەکی دیکە و دەستپێکردنی ڕۆژێکی نوێی بە دواوەیە.
دیارە ئاڵا دەتوانێت لە ڕۆژان و ساڵانی بەردەوامدا بە ڕۆژ و بە شەو بشەکێتەوە، بەڵام بەیانیی هەر ڕۆژێک سەر لەنوێ دەست پێ دەکاتەوە. ئێستا لەگەڵ ئوممەتی ڕاکردوو لە سەحنە یەک دەنگ هاوار دەکەین خۆزگە ئەم ناوەمان بۆ ڕۆژی ١٢ی نیوەی یەکەمی مانگی ڕێبەندان هەڵنەبژاردبا و کوردانیش بە خۆ هەڵفشاندێکی تایبەتەوە نەیانگوتبا "ڕێبەندان گەرچی ڕێگەبەندانی/ گلێنەی چاوی گەلی کوردانی."