کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی نەتەوەیی میداڵی زێڕی خۆی پێشکەش بە خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کرد

16:25 - 1 رێبەندان 2724

فەرشاد گردەکانە، وەرزشوانی بەتوانای کورد و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نوێترین میداڵی زێڕی خۆی کە لە ئاستی پاڵەوانیی ئورووپادا بە دەستی هێنابوو لەلایەن خۆی و خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە، پێشکەشی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کرد.

گردەکانە پاش وەرگرتنی میداڵەکەی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری ئینستاگرامی خۆی بڵاوی کردەوە وتی: "بژی کورد و کوردستان، ئەم میداڵە زێڕە پێشکەش بێت بە خەڵکی ڕۆژاوا لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە".

فەرشاد گردەکانە کە خاوەنی چەندین میداڵ و پاڵەوانیی لە ئاستی ئورووپا و جیهاندایە، ڕۆژی ڕابردوو لە کێبڕکێکانی "جووجیتسوو"ـی پاڵەوانیی ئورووپادا توانی بە سەرکەوتن لە بەرامبەر هەموو ڕکابەرەکانی لە کێشی ٩٤ کیلۆدا، ببێتە خاوەنی میداڵێکی زێڕی دیکە لە ئاستی ئورووپادا.

ناوبراو لە ساڵی ڕابردووی زایینیشدا دوو میداڵی زێڕ و زیوی خۆی کە لە ئاستی هەموو ئورووپادا بەدەستی هێنابوو، پێشکەش بە دوو بەندکراوی سیاسیی کورد پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی کردبوو.

فەرشاد گردەکانە وەرزشوانی نەتەوەیی کورد، خەڵکی شاری کرماشانە و لە وەرزشی جووجیتسوو و گراپلینگ چالاکە و تاکوو ئێستا دەیان میداڵی لە ئاستی جیهان و ئورووپادا بەدەست هێناوە.