کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کورد بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان

16:49 - 1 رێبەندان 2724

بەرەی یەکگرتووی کورد بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ٧٩یەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

ڕێبەندان! گەرچی ڕێگەبەندانی

گلێنەی چاوی گەلی کوردانی

لە نێو مانگاندا جوان و ڕووسووری

لە تۆدا کرا جێژنی جمهووری

هەژار

٧٩ ساڵ بەسەر ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤دا تێدەپەڕێت. ڕووداوێک کە بوو بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد بەگشتی و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

خەڵکی کوردستان ٧٩ ساڵ پێش لە ئێستا کۆماری کوردستانی بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار پێشەوا قازی محەممەد دامەزراند و ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی لە چوارچرای شاری مەهاباد بە فەرمی ڕایگەیاند.

ڕاگەیاندنی سیستەمی کۆماری لەو هەلومەرجە مێژوویی- جوگرافیاییەدا شتێکی دەگمەن و بوێرانە بوو. کاتێ کە هەموو ناوچەکە بە دەست سیستەمی پاشایەتی و لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرە سەرەڕۆکان دەچەوسایەوە، دامەزراندنی سیستەمێکی گەلی لە چوارچێوەی کۆماری‌ وێڕای بەڕێوەبەرایەتییەکی دادپەروەرانە، دەسکەوتێکی پڕ بایەخ و مانادار بوو.

کۆماری کوردستان لە تەمەنی کورت بەڵام پڕ دەسکەوت و زێڕینی خۆی و لە ژێر گوشاری هەمەلایەنەدا، بەوپەڕی لێوەشاوەیی و کارامەییەوە توانی بە جۆرێک خۆی و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوە بەرێت کە جێ پەنجە و شوێنەواری تا ئەمڕۆ لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان کاریگەر بێت و گەلی کورد وەک نۆستالۆژیا سەیری بکات و ئاواتەخوازی دووپاتبوونەوەی بێ.

١١ مانگ بەڕێوەبردنی وڵات بە ڕێبەرایەتیی کەسایەتییەکی ژیر و وریا کە لە پاش ڕووخانی کۆمار بە پیلانی زلهێزەکان و لەلایەن هێزە دواکەوتوو و کۆنەپەرستەکانی ننێوخۆیی ئەو سەردەمەوە، خۆی دەکاتە قۆچی قوربانی و بوێرانە دەچێتە سەر دار و بۆ هەتاهەتایە دەبێتە پێشەوای گەلی کورد و هەموو ئازادیخوازان.

کۆماری کوردستان گرینگترین و درەوشاوەترین دەستکەوتی ململانێێ بێوچان لەگەڵ تاریکی بۆ گەیشتن بە سەروەریی سیاسی و قوتابخانەی خەباتی خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیەتی.

٢ی ڕێبەندان ساڵەوەگەڕی ئەم ڕۆژە مەزنە لە هەموو کوردێکی شوناسخواز و ڕێبوارانی ڕێگای کوردایەتی پیرۆز بێت.

بەرەی یەکگرتووی کورد

٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی