هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە سەبارەت بە درێژەی وتووێژەکان لە پێوەندیی لەگەڵ داهاتووی هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەریی ئەم هێزانە، پێوەندیدار بە ڕێژەی پشتیوانیکردنی واشینگتۆن لەم هێزانەیە.
بە وتەی ئەم سەرچاوانەی ڕۆیتێرز کە لە بەرپرسانی هەموو لایەنەکان پێک هاتوونە، ڕێژەی خۆبەڕێوەبەریی هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوا لە چوارچێوەی سووریەی نوێدا، پێوەندیی بەوە هەیە کە واشینگتۆن لە ڕۆژانی داهاتوودا تا چ ڕادەیەک لەم هێزانە کە هاوپەیمانی خۆی لە شەڕی دژ بە داعشدان، پشتیوانی بکات.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریەی دێموکرات، پێشتر ڕایگەیاندووە کە ئەوان خوازیاری لامەرکەزیبوونی سووریەی داهاتوون.
هاوکات مەرهەف ئەبووقەسرە، وەزیری بەرگریی نوێی سورریە لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆیتێرزدا مانەوەی هێزەکانی سووریەی دێموکراتی وەک هێزێکی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەر ڕەت کردووەتەوە و دژایەتی خۆی لەم بابەتە دەربڕیوە.
لەلایەکی دیکەوە تورکیە لە ڕێگەی دەوڵەتی نوێی سووریە و هەروەها بە پەرەدان بە پشتیوانییەکانی لە گرووپە میلیشیاکانی خۆی لە باکووری سووریە، گوشارەکانی بۆ چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریەی دێموکرات زیاتر کردووە.
هەروەها ئەسعەد حەسەن ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریە، حەفتەی ڕابردوو لە ئانکارا پێتەختی تورکیە ڕایگەیاند کە چیتر دەوڵەتی نوێی سووریە ڕێگە بە هێزەکانی "قەسەدە" نادات کە بە وتەی خۆی "هەڕەشەیەک بن بۆ سەر خاکی تورکیە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم هێزانە هیچکات هەڕەشە بۆ سەر خاکی تورکیە نەبوونە و هیچ هێرشێک لەلایەن ئەم هێزانەوە بۆ سەر تورکیە ئەنجام نەدراوە.