کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە خوێندکاران و ژنانی کورد: بە هەوڵی پێشگیرانە ڕێگری لە لەسێدارەدانی ژنانی ئازادیخواز بکەین

10:52 - 2 رێبەندان 2724

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە حوکمی لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، کۆمەڵێک خوێندکار و ژنی کورد، لە بەیاننامەی جیادا، ئەو حوکمەیان مەحکووم کرد کە دژی ئەم دوو زیندانییە سیاسییەی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین دەر کراوە.

کۆمەڵێک خوێندکاری کورد ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ''حوکمی لەسێدارەدانی ناڕەوا و نامرۆڤانە و حوکمەکانی دیکە بۆ زیندانییانی سیاسی لەوانە وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی''یان مەحکووم کرد.

واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە جەختیان لەوە کردەوە کە لەم کاتەدا ئەرکی تاک بە تاکی خەڵکە هەتا بە ڕێکاری پێشگیرانەی خۆیان ڕێگری لە لەسێدارەدانی ژنانی ئازادیخواز بکەن.

ئەم بەیاننامەیە بە واژۆی دەیان خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی مەریوان، مەهاباد، بۆکان، سنە، ورمێ و سەقز بووە.

واژۆکەران ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت تۆڵەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە خەڵک و بەتایبەتی ژنان بکاتەوە و داوایان لە هاووڵاتییانی کورد کرد بۆ ئەوەیکە چاوی هیچ دایکێک بەهۆی لەسێدارەدانی منداڵەکەیەوە گریان نەبینێت، پێشوازی لە مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕێبەندان بکەن.

هەروەها کۆمەڵێک لە ژنانی کوردی دیاسپۆڕا ڕۆژی دووشەممە، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزییان مەحکووم کرد و داوای ئازادکردنی خێرا و بێمەرجی ئەم یاریدەدەرە کۆمەڵایەتییەیان کرد و ئەم بابەتەیان بە نادادپەروەرییەکی گەورە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ ناو برد.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا کە لەلایەن ١٤٠ کەسەوە واژۆ کراوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدان و ئازادکردنی پەخشان عەزیزی گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.