کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ترامپ لە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی یەکەمی سەرۆککۆماریدا

11:08 - 2 رێبەندان 2724

ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان، دۆناڵد ترامپ بۆ جارێکی دیکە وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا سوێندی خوارد و بوو بە ٤٧ـەمین سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە.

دۆناڵد ترامپ هەر لە یەکەم ساتەکانی سەرۆککۆماریی خۆیدا باسی لە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە تێکدەرانەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا کرد و وتی: "کۆماری ئیسلامی لە کاتی سەرۆککۆماریی مندا ماڵدۆڕاو و شکستخواردوو بوو، هیچ پارەیەکی نەبوو کە بیدات بە حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس".

ترامپ بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا لەهەمبەر ئێران وتی: "ئەگەر من سەرۆککۆمار بوومایە، هیچکات هێرشی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕووی نەدەدا".

چلوحەوتەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا تەنیا بەمە قسەکانی خۆی سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ نەهێنا و وەک هەڕەشەیەک ڕوو لە هەموو ئەو کەسانەی کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هاوکاری دەکەن ڕایگەیاند، هەر کەسێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا مامەڵە و بازرگانی بکات چیتر ڕێگەی پێ نادرێت لەگەڵ ئەمریکادا کار و بازرگانی بکات.

لە ئێستادا و بەم قسانەی ترامپ لە یەکەم ڕۆژی دەسبەکاربوونیدا وێدەچێت کە سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنەی خۆی بۆ جارێکی دیکە لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیدا بگرێتە بەر.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی ئەمریکایی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لەگەڵ قەیرانێکی گەورەی ئابووری لە نێوخۆدا و هەروەها شکست لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەوڕوو بوویەوە و لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە.

ئەم ڕۆژنامە بە ئاماژەدان بە دۆخی هەنووکەیی کۆماری ئیسلامی زیادی کرد، ساڵی نوێی زایینی بە هاتنی ترامپ ساڵێکی ئەستەمتر دەبێت بۆ ڕێژیمی تاران چونکە لەگەڵ دەوڵەتی نوێی دۆناڵد ترامپدا بەرەوڕوو دەبێت.

هاوکات لەگەڵ دەسبەکاربوونی ترامپ، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، سەردەمی دەسەڵاتداریی ترامپ لە کۆشکی سپیدا کۆتایی بە بەرەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی دەهێنێت.