بەپێی ئاماری بڵاوکراو لەلایەن فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانانەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا ١٢٢ ڕۆژنامەوان کوژراون.
ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانبار، فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان ئاماری ڕۆژنامەوانانی کوژراوی لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا بڵاو کردەوە، بەپێی ئەم ئامارە ساڵی ڕابردووی زایینی یەکێک لە ساڵە ڕەشەکان بۆ ڕۆژنامەوانان بووە و ١٢٢ ڕۆژنامەوان لەم ساڵەدا کوژراون کە ١٤ کەسیان ژن بوون.
ئانتۆنی بلانگێر، بەڕێوەبەری گشتیی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەم ١٢٢ هەواڵنێرە، وتی: "١٢٢ چیرۆکی ناتەواو لە پشتی ئەم ئامارەدا بوونی هەیە و ئێمە بۆ گەرەنتیدان بەوەی کە کوشتنی ڕۆژنامەوانان بێ سزادان نەمێنێتەوە، داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ پەسەندکردنی کۆنواسیۆنێک کە وڵاتان ناچار بە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەوانان بکات، هەنگاو بنێن".
بەپێی دوایین ئامارەکانی ئەم فێدراسیۆنە، ٥٨٪ لە ڕۆژنامەوانانی کوژراوی ساڵی ڕابردووی زایینی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی بوون.
٧٧ ڕۆژنامەوان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوژراون کە ٦٤ کەسیان فەلەستینی، ٦ کەسیان لوبنانی، سێ هەواڵنێر لە سووریە کە دوو کەسیان کورد بوون و هەروەها ٣ هەواڵنێر لە عێراق و وێنەگرێک لە سووریە بوون.
هەروەها ٢٢ ڕۆژنامەوان لە ئاسیا، ١٠ کەس لە ئافریقا، ٩ کەس لە ئەمریکا و ٤ کەسیش لە ئورووپا لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا کوژراون.
جیا لە ڕۆژنامەوانانی کوژراو لەم ساڵەدا، ئەم فێدراسیۆنە باسی لە دەسبەسەرکرانی ٥١٦ ڕۆژنامەوان لە ساڵی ٢٠٢٤دا کردووە کە لە چاو ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٢ زایینی دەیان کەس زیادی کردووە.