بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، لە مانگی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینیدا لانیکەم ١٢٣ هاووڵاتی لەوانە ٨٨ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە مانگی دێسامبردا ٨٨ هاووڵاتیی کورد، ٢٥ی چالاکی سونە مەزهەب، ١٠ هاووڵاتیی بەلووچ، ٨ چالاکی ژن، ٦ منداڵ و ٢ منداڵی بەهایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و ڕفێندراون.
لە کۆی ١٢٣ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو لە سەرتاسەری ئێران، زیاترین ئامار بە ٨٨ حاڵەتەوە کە دەبێتە ٧١.٥ لەسەدی هەموو دەسبەسەرکرانەکان، تایبەت بە هاووڵاتییانی کوردە.
لە کۆی ٨٨ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو لە کوردستانیش، ٥٨ حاڵەت لە پارێزگای ورمێ، ٢٠ حاڵەت لە کرماشان و ١٠ حاڵەت لە سنە بووە.
لەم مانگەدا ٨ چالاکی ژن لەوانە سووسەن حەسەنزادە و نازەنین ئەلیاسی دوو هاووڵاتیی کورد و ٦ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بە ناوەکانی ئومید ساڵحی، ڕامیار محەممەدزادە، هێمن شامحەممەدی، ڕزگار مەولوودی، کامیار ئیزەدی و محەممەد مەحموودی دەسبەسەر کراون.
لە درێژەی گوشارەکانی ناوەندە ئەەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر مامۆستایان و فەرهەنگیان، لە مانگی دێسامبری ڕابردوودا دوو مامۆستا بە ناوەکانی حەمید عەزیزی و ئومید حامیدی لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.