ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕێبەندان، ڕامیار کاوە، هاووڵاتیی تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی عەزیز، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە؛ هێزە ئەمنییەتییەکانیش بە مۆبایلەکەی هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە پێوەندیی تلفۆنی و ناردنی کورتەنامە بۆ هاووڵاتییان و نزیکەکانی ڕامیار کاوە لە دەرەوە هەڕەشەیان لێ کردووەن کە "بێدەنگ بن و کاریان بە خەڵک نەبێت."
ڕامیار کاوە، کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بانگی ئیتلاعاتی مەریوان کراوە و هێزەکانی ڕێژیم لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان وتووە کە جارێ لێرە دەبێت.
بانگکردنی ڕامیار کاوە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری بانکگران و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.