مانیفیستی تێکۆشان
ئاسۆ مینبەری
نکۆڵیی لێ ناکرێ کە کۆمەڵگەی کوردستان هەمیشە لە پێوەندی لەگەڵ پرسەکانی ژناندا هەستیار بووە و هەر ڕووداوێک پێوەندیی بە ژنانەوە بووبێت، زیاتر توانیویەتی ئەکتی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا بێنێت، نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم پرسەش، ئەکتی کۆمەڵگەی کوردستان لە دوای دەسبەسەرکران و شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە تاران بوو.
ئەگەرچی هەندێک پەروەردەی نادروست کە سەرچاوەکەی ئەتوانرێ لە زۆر بابەت و پرسی جیاواز و لە پێوەندی لەگەڵ داگیرکراوبوونی کوردستاندا خوێندنەوەی بۆ بکرێ ژن و بە گشتی پرسەکانی پێوەندیدار بەم توێژەی خستوونەتە پەراوێزەوە، بەڵام بەم حاڵەشەوە لای خەڵکی کوردستان، ژن وەک بەشێکی گرینگ لەو کۆمەڵگەیە بایەخی تایبەتی خۆی هەبووە، هەر لە ناڕەزایەتیدەربڕینێکی بچووک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگرە هەتا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و دەرکردنی بەیاننامە و بە دەیان ئەکتی دیکە.
ژنی کورد ئەگەرچی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە قەت پێناسەی ڕاستەقینەی خۆی وەرنەگرتوە و هەمیشە ستەمی چەند قاتی بەرانبەر کراوە، بەڵام قەتیش بێدەنگ و دەستەوەستان نەبووە و هاوکات خودی کۆمەڵگەی کوردستانیش لەم پێوەندییەدا و هاوهەنگاو لەگەڵ ژنان هەستیارتر بووە.
لەم ڕۆژانەدا کە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە، شەپۆلێک لە نیگەرانییەکان کۆمەڵگەی کوردستانی گرتەوە. بەوە جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی ژنی کردووەتە ئامانج و دەیهەوێ بە ئەستاندنی گیانی ژنێک، کۆمەڵگە چاوترسێن و ملکەچ بکات.
لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لەو ڕێژیمە لەرزۆکانەیە یادگەیەکی مێژوویی باشی نییە! ئەکتی کۆمەڵگەی زوو زوو لە بیر دەچێ یان ڕەنگە بیهەوێ بە خۆگێلکردن ئەمجارە ئاکامێکی دڵخواز وەربگرێ! کۆماری ئیسلامی لە هاتنەسەرکاریەوە تاکوو ئەمڕۆ هەمیشە لە بەرەی بەرانبەری خەڵکی کوردستاندا بووە و لە هەر بڕگەیەکی مێژوویدا بە جۆرێک دژایەتی و دوژمانیەتیی خۆی لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام لە هەر قۆناغێکیشدا لەگەڵ دژکردەوەیک بەرەوڕوو بۆتەوە.
لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاویدا کە لە ژوورە تاریکەکانی چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمدا، شیرین عەلەمهوولی و چوار بەندکراوی سیاسیی دیکە لە سێدارە دران، ڕێژیم قەت بیری نەدەکردەوە خەڵکی کوردستان بە مانگرتنێک بتوانن کۆڵەکەکانی لەرزۆک بکەن، بەڵام ئەمەی بینی و جارێکی دیکە بە کوشتنی کچە کوردێک لە پێتەختی بێدادیدا، هەڵەیەکی مێژوویی دیکەی کرد و خۆی خستەوە بەرانبەر خەڵکی کوردستانەوە!
ڕووداوەکانی دوای مەرگی ژینا جیاوازییەکی گەورەیان لەگەڵ ڕووداوەکانی دوای لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهوولی هەبوو. ژینا لە سەردەمێکدا گیانی لێ ئەستێندرا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پردێکی زۆر بەهێزی پێوەندییەکان و تۆڕێکی بەهێزی گەیاندنی زانیارییەکانن، ئەمەش وای کرد کە هەموو جیهان بێنە سەر خەت و بە ئاشکرا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژنان بەدەستی کۆماری ئیسلامی ببینن. هەر ئەم بابەتە لە دۆسییەی پەخشان عەزیزیدا جێگای سەرنجە، هەبوونی سۆشیاڵ میدیا نەیهێشتوە پرسەکە شاراوە بمێنێتەوە و ئەکتی کۆمەڵایەتییشی بەخۆیدا هێناوە. دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا کە تەنیا تریبوونیان هەر ئەو سۆشیاڵ میدیایەیە، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ دەنگی خۆیان خستووەتە پاڵ دەنگی پەخشان و بنەماڵەکەی، چالاکانی مەدەنی، سیاسی، مافی مرۆیی، لاوان، خوێندکاران، مامۆستایان و زانایانی ئایینی و هەموو چین و توێژەکان بە هەر بیروڕایەکی سیاسیی جیاوازیشەوە، بوونەتە دەنگی پەخشان و کۆماری ئیسلامییان خستووەتە ژێر گوشارەوە. سەرنجدانێکی دەقی بەیاننامەکان بەتایبەت ئەوانەی کە لەلایەن دایکانی شەهیدان و ژنانی چالاکوان لە سنە بڵاو کرایەوە خۆیان مانیفیستێکی تەواو لە خەبات و تێکۆشانی ژنانن.ژنان نەترسانە و بوێرانە هاتوونەتە مەیدانی خەبات دژ بە داگیرکەر و بوونەتە بزوێنەری کۆمەڵگەی کوردستان.
هەر ئەوەی کە ژنان لەبەردەم بینای پارێزگاریی سنە بەو هەموو ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەوە کۆ دەبنەوە و سەرەڕای زاڵبوونی کەشی تەواو ئەمنییەتی بەسەر شاردا، بەیاننامەی خۆیان دەخوێننەوە و بە ڕوونی باس لە نەبوونی دادپەروەری دەکەن و پەخشان بە نوێنەری هیوا، ژیان و بەرخودان لە بەرانبەر مەرگ و بێهیوایی ناو دەبەن، نیشاندەری بێوێنەبوونی هێز و توانایی ژنانی کوردستانە کە خۆڕاگرانە لە بەرانبەر دەسەڵاتێکی تەیار بە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت وەستاونەتەوە و لە هیچ هەڕەشە و تۆقاندنێک سڵ ناکەنەوە.
خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی پاش شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، ڕێک لە بەیاننامە و ئەکتی ئەم ژنانەدا دەبینرێت، ژنان لە نێوخۆی کوردستان کە خۆیان لە چەقی خەباتەکەدا بوون، باشتر لە هەموو ئەو کەسانەی کە تەنیا بینەری ڕووداوەکان بوون لە ڕاستییەکانی بزووتنەوەکە تێگەیشتن و وانەیان لێ وەرگرت. ئەوان بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی ڕێژیم کە چاوترسێنکردنی ژنان بوو، بەهێزتر هاتوونەتە مەیدان و ئێستا هەموو ئەکتێکیان ئەچێتە چوارچێوەی ئەکتی سیاسییەوە چونکە تەواویەتی خودی ئەو دەسەڵاتەیان کردووەتە ئامانج. دەسبەسەرکردن، سەپاندنی سزای بەندکران و توندتر لە هەموویان سەپاندنی سزای لەسێدارەدان نەیتوانیوە ژنان لە خواستەکانیان پاشگەز بکاتەوە و ئەمە لە وشە بە وشەی بەیاننامە و پەیامەکانیاندا دەبینرێت.
ژنانی کوردستان بوێرانە بەرگری لە ژنێک دەکەن کە لەگەڵ هەموو ئازارەکانی ئەوان ژیاوە و ڕێژیم بۆ ئەوەی کە دەنگی کپ بکات، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندوە. پەخشان عەزیزی، پەخشانی ئازارەکانی ژنانی کوردستانە کە بەندکران و سزادانیشی خۆی بووەتە هێمای یەکگرتوویی و ئەم یەکگرتووییە قەت نەک بە کۆماری ئیسلامی کە بە هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرتر و تۆتالیتەرتر لە کۆماری ئیسلامیش لەنێو ناچێت.