ماڵپەڕی ئەمریکایی ''ئاکسیوس'' لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاوی کردەوە، چەند حەفتەیەک لەمەوبەر، جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆشکی سپی، لە کۆبوونەوەیەکدا بژاردەی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی بۆ جۆ بایدێن خستووەتە بەرباس.
ئاکسیوس بە ئاماژەدان بەوەیکە کۆبوونەوەکە تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە، وتی کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ئەو بەڵێنە جێبەجێ دەکات کە ئەمریکا ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ناوکی بەرهەم بهێنێت، بەڵام مەترسیی دروستبوونی ململانێیەکی نوێ لە ناوچەکەدا هەڵدەگرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان بەو ماڵپەڕەیان ڕاگەیاندووە کە بایدێن و تیمی ئەمنییەتیی ناوبراو لەم کۆبوونەوەیەدا بژاردە و سێناریۆی جۆراوجۆریان تاوتوێ کردووە، بەڵام بایدێن هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەداوە.
سەرچاوەیەکی دیکە وتوویەتی، لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەکی چالاک لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ئەگەری کردەوەی سەربازی لە دژی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران نییە.
ئاکسیۆس نووسیویەتی، بەشێک لە یاریدەدەرانی باڵای بایدێن باسیان لەوە کردووە کە دوو ڕەوتی خێراکردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران و لاوازکردنی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو دەرفەتەی بە بایدێن داوە زەربە لە ئێران بدات و مەترسیی تۆڵەسەندنەوەی ئێران و پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە.