کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسادانەرێکی ئەمریکا: بەم زووانە زۆرترین گوشارەکان دەخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران

10:53 - 3 رێبەندان 2724

جۆ ویلسۆن، نوێنەری کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئەمریکا لە کارۆلینای باشوور، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیی: ''ڕێژیمی ئێران درۆ دەکات و جگە لە ئاژاوەگێڕی بۆ وڵاتانی ناوچەکە هیچی دیکەی ناوێت.''

ناوبراو لە شەرکەکانی ئەمریکا لە جیهانی عەرەب داوای کرد کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئاسایی نەکەنەوە و دەشڵێت: "زۆرترین گوشارەکان بەم زووانە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ دۆخی ئێستا چاک دەکات.''

پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریکا، ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی پیران، ڕایگەیاندبوو، ڕێژیمی ئێران لە لاوازترین حاڵەتدایە، ئەوان بە ناچاری لە سووریە چوونە دەرەوە، ئابوورییەکەیان هەڵوەشاوەتەوە و ڕۆژانە کارەبایان نییە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئیمتیازێک کە بە کۆماری ئیسلامی بدرێت، بۆ پەرپێدانی بەرنامەی ناوکی و دروستکردنی گرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەڵکی لێ وەردەگرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان، دۆناڵد ترامپ  لە یەکەم ساتەکانی سەرۆککۆماریی خۆیدا وێڕای هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە هەر کەسێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا مامەڵە و بازرگانی بکات چیتر ڕێگەی پێ نادرێت لەگەڵ ئەمریکادا کار و بازرگانی بکات.