عەبدولناسر هێممەتی، وەزیری ئابووریی ڕێژیم، باسی لە ئامادەبوونی دەوڵەت بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گوشارە ئابوورییەکان لە سەردەمی دۆناڵد ترامپدا کردووە.
هێممەتی هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وتووێژێکدا وتی: "تاران بۆ هاتنەسەرکاری ترامپ پلانی هەیە و کۆبوونەوەی بەردەوام لەم پێوەندییەدا گیراوە".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئەزموونی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەورەی یەکەمی سەرۆککۆماریی ترامپدا ڕایگەیاند "لەو کاتەشدا کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لەگەڵ دۆخەکەدا هەڵ بکات، هەرچەند کە گوشارێکی زۆر کەوتە سەر شانی خەڵک" و زیادیشی کرد کە ئەوان هیچ نیگەرانییەکیان لەم بابەتە نییە.
هاوکات لەگەڵ ئەم قسانەی وەزیری ئابووریی ڕێژیم و دەسبەکاربوونی دەوڵەتی ترامپ نرخی دۆلار هەزار و ٥٠٠ تمەنی دیکە لە بازاڕەکانی ئێران گران بوو.
بەرپرسانی ڕێژیم لەکاتێکدا باس لە توانای ڕێژیم بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی ترامپ دەکەن کە نرخی دۆلار لە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەرەوە و هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا تا ڕۆژی دەسبەکاربوونی ١٤ هەزار تمەن گرانتر بوو.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترامپ لە یەکەم ساتەکانی دەسبەکاربوونی و لە دوای ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کرد.
بە بڕوای زۆرێک لە کارناسان و بەپێی ڕێکخستنی کابینەی دەوڵەتی ترامپ کە زۆربەیان دژبەری کۆماری ئیسلامی دێنە ئەژمار، دەوڵەتی نوێی ئەمریکا هەر لە سەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنە لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی ئەگرێتە بەر.