ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، مانگرتنی گشتی بۆ مەحکوومکردن و هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد دەستی پێ کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شارەکانی سەقز مەهاباد و مەریوان سنە خەڵک بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان بەرەوپیری بانگەوازی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە بۆ مانگرتنێکی گشتی چوون.
ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار، شەش حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاگەیاندنێکی هاوبەش بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە بەم مانگرتنە پشتیوانیی خۆیان لە پەخشان عەزیزی دەرببڕن.
لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو: داوا لە هەموو جەماوەری تێکۆشەری کوردستان دەکەین کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان، لە هەموو کوردستان لە مانگرتنێکی گشتی لە دژی حوکمی لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانمان بەشدار بن و هەروەها سەرجەم ناوەندەکانی کار، بازاڕ و خوێندن دابخرێن. بەمجۆرە هێزی یەکگرتووی جەماوەر لە پێناو دابینبوونی ئامانجی سیاسی و ئینسانی خێرادا، نیشان بدرێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین باسی لە پشتڕاستکرانەوەی سزای ناوبراو لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە کرد.