کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێکردنی حوکمی پەخشان عەزیزی دوا خرا

11:28 - 3 رێبەندان 2724

بەپێی هەواڵی "تەسنیم"، سەرچاوەی سەر بە سپای پاسداران، جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بەپێی بڕیاری شۆرای ئەمنییەتی ڕیژیم، دوا خرا.

دواخستنی حوکمەکە هاوکاتە لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەمڕۆ، چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات کردبوو کە ڕۆژی چوارشەممە لە ناڕەزایەتی بە حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، مان  بگرن.

هاوکات لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە، چالاکانی مەدەنی، سەندیکاکان، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان لە نێوخۆ و دەرەوە کە بریتی بوون لە سێ هەزار و ٤٠٠ کەس لە هونەرمەندان، نووسەران، شاعیران، ڕۆژنامەوانان، چالاکانی مەدەنی، سیاسی، ئایینی، خوێندکاری و هاووڵاتییانی دیکە، لەهەمەبەر حوکمی نادادپەروەرانەی پەخشان و وریشە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە ئێستادا ڕێژیم لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵک و خۆپیشاندان بە دژی لەسێدارەدانەکان، حوکمی پەخشان عەزیزی، یاریدەدەری کۆمەڵایەتی، دوا خست.