کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە نەغەدە

12:01 - 3 رێبەندان 2724

ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕێبەندان، کاک حوسێن ئازەرەخش، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کووردستانی ئێران و خەڵکی گوندی گەرگوولی سەرێ سەر بە شاری نەغەدە، لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو کەسێکی نیشتمانپەروەر و خوشەویستی خەڵک بوو کە لە  دەسپێکی شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٧وە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوردایەتی بووە و ماڵەکەی مەکۆی حیزب و جێگای حەسانەوەی پێشمەرگە بووە.

کاک حوسێن ساڵی ١٣٦٥، بۆ ماوەی ٣ مانگ لە بەندیخانە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو و لە پاراستنی نهێنیەکانی حیزب وشیار و وریا بوو.

ناوبراو چەند ساڵێک لە هێزی بەرگریدا ڕۆڵی گێڕاوە و چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە و تووشی نەهامەتی و لێدانی سەخت بووەتەوە بەڵام لەسەر ئەو ڕێبازە سوور بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.