گەورەترین کۆمپانیی وەبەرهێنانی عەرەبستانی پاش دوو دەیە، هەموو داراییەکانی خۆی لە ئێران بردە دەرەوە.
گرووپی بازرگانیی سافوولا کە زیاتر لە ٥٠ لە سەدی پشکی بازاڕی ڕۆنی ئێرانی لەبەر دەستدایە و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانییەکانی چالاک لە بواری بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی خواردەمەنییەکانە، پاش دوو دەیە، بە شێوەیەکی کتوپڕ لە بازاڕی ئێران چووە دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەم گرووپە بازرگانییە هەموو داراییەکانی خۆی لە ئێران بە ١٨٨ میلیۆن دۆلار فرۆشتووە و بە یەکجاری بازاڕی ئێرانی بەجێ هێشتووە.
چوونەدەرەوەی سافوولا لەکاتێکدایە کە ئەم کۆمپانییە تەنانەت پاش ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٩٤ و هێرشی لایەنگرانی ڕێژیم بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران و مەشهەدیش کە بووە هۆی پچڕانی پێوەندییەکانی دوو وڵات، لە ئێران نەچووبووە دەرەوە.
میدیا عەرەبستانییەکان لەم پێوەندییەدا نووسیویانە کە ئەم هەوڵەی سافوولا لە درێژەی ستراتێژییەکانی ئەم هۆڵدینگەدایە و پێشتریش داراییەکانی خۆی لە دوو وڵاتی مەراکش و عێراق بردووەتە دەرەوە.
بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانییە لە ئێران بە دوو نیشانی بازرگانیی "لادەن" و "بەهار" دەناسران کە پشکی سەرەکیی بازاڕی ڕۆنی ئێرانیان لە ژێر دەستدا بوو.
ئەم کۆمپانییە جگە لە ڕۆن، پشکی بەربڵاوی لە بازاڕی شەکری ئێرانیشدا هەبوو.
گەمارۆکانی سەر ئێران و دروستکردنی کێشەی ئاڵوگۆڕی دراو، گرفتەکانی دابینکردنی ماددە پێویستەکان و گۆڕینی ستراتیژییەکانی سافوولا، لە هۆکارەکانی ئەم گرووپە بۆ چوونەدەرەوە لە بازاڕی ئێران ڕاگەیەندراوە.
بە چوونەدەرەوەی ئەم کۆمپانییە عەرەبستانییە، وێدەچێت کە بازاڕی ڕۆنی ئێران بەتایبەتی ڕۆنی بە کوالیتی، بەرەوڕووی کیشە ببێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە چوونەدەرەوەی ئەم کۆمپانییە لە ئێران نیشانی ئەدات کە چالاکیی گرووپە بازرگانییە دەرەکییەکان لە ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە تا چ ڕادەیەک بەرەوڕووی کێشە بووەتەوە.