حیزبی خەڵکی بەلووچستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، پەیامی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران کرد.
لە پەیامەکەی حیزبی خەڵکی بەلووچستاندا بە ئاماژەدان دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ٧٩ ساڵ لەمەوبەر هاتووە "خەڵکی تێگەیشتوو و شۆڕشگێڕی کورد کە بوونەتە قوربانی سیاسەتی داگیرکەرانەی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چوارچێوەی پەیمانی ناسراو بە سایکس پیکۆدا و بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کراون، لە خەباتی خۆیان بەردەوام بوونە".
حیزبی خەڵکی بەلووچستان زیادی کردووە، پاش سەرکوتی خەڵکی کورد و ڕووخاندنی کۆماری کوردستان بە دەستی حکوومەتی پاوانخواز، سیاسەتی یەکدەسکردنی سیستماتیکی فرەچەشنییەکانی زمان و کلتووری خەڵکی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتە داگیرکەرانەکەی هەر دوو حکوومەتی ئێستا و پێشوو بەڕێوە چوو و تاکوو ئێستاش بەردەوامە.
پەیامەکە لە درێژەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە جگە لە ڕێژیمی ئیسلامی، بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی میللیگەرای ناوەندیش بڕوایان بە مافی یەکسانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران نییە، ڕایگەیاندووە کە ئەوان جیاوازییەکان بە هەڕەشە بۆ "تەمامییەتی ئەرزی" دەبینن و بڕوایان بە پێکەوە ژیانی ئاشتییانە نییە.
هەروەها لەم پەیامەدا هاتووە کە "سەرەڕای هەموو ئەستەمکارییەکان، حیزبەکان و خەڵکی کوردستان نە تەنیا ڕێوشوێنە ڕادیکاڵ و تونداژۆکانیان نەگرتووەتە بەر بەڵکوو بەردەوام لە سەر پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران جەختیان کردووەتەوە و خەباتی خۆیان لە سەر بنەمای پەیماننامە مافی مرۆییە جیهانییەکان بەرەوەپێش بردووە".
حیزبی خەڵکی بەلووچستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا وێرای ڕێزگرتن لە ٧٩ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، گەرموگوڕترین پیرۆزباییەکانی خۆی ئاراستەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو نەتەوەی کورد و شۆڕشگێرانی کورد کردووە.