کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێست گۆڕینی بەرپرسانی ڕێژیم هاوکات لەگەڵ دەسبەکاربوونی ترامپ

18:41 - 3 رێبەندان 2724

دوای ٢٤ کاتژمێر لە دەسبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ، ئەحمەدڕەزا پوورخاقان، بەرپرسی ڕێکخراوی قەزایی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕێگە نادات هێزە چەکدارەکان چەکی ناوکی دروست بکەن.

پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ٣٩ پەرلەمانتار لە نامەیەکدا داوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان کردبوو.

لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ و دوابەدوای پەرەسەندنی ململانێی نیزامیی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا دوو وڵات هێرشی نیزامیان بۆ سەر خاکی یەکتر دەست پێ کرد، بەشێک لە بەرپرسان خوازیاری پەرەپێدانی چەکی ناوکی بوون.

کەماڵ خەڕازی، ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە ئاماژە بە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل  بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکان ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوەیکە بوونی کۆماری ئیسلامی بکەوێتە مەترسییەوە، ئێران دوکتورینی ناوکی خۆی دەگۆڕێت.

چیرۆکی فەتوای خامنەیی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٨٢ کە لە دەقی ئەو فەتوایەدا هاتووە کە جگە لە چەکی ناوکی، چەکی کۆمەڵکوژی دیکەش بۆ سەر مرۆڤایەتی هەڕەشەن و کۆماری ئیسلامی بەکارهێنانی ئەو چەکانە بە حەرام دەزانێت.

هەروەها لە ڕەوتی ئەو وتووێژانەی کە دانوستانکارانی کۆماری ئیسلامی هەیانبوو، بۆ لابردنی تۆمەتەکانی هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ بەکارهێنانی وزەی ناوکی بۆ مەبەستی نیزامی، زۆر جار باسی ئەم فەتوایەی خامنەیییان کردووە.