کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان

18:55 - 3 رێبەندان 2724

ئەەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، و دوابەدوای دەسپێکردنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان دژی سزای لەسێدارەدان، ڕێژیم لە چەندین رێگەی جیاوازەوە هەوڵی پێشگرتن لەم مانگرتنەی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکرات، هاوکات لەگەڵ درێژەی مانگرتنی گشتی لە سەقز، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم لەم شارە جێگیر کران.

هاوکات لەگەڵ زاڵکردنی کەشی ئەمنییەتی بەسەر شاری سەقز بە دەیان دووکانی ئەم شارە هۆشداری پلۆمپیان لەسەر نووسرا.

هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە بازاڕی سەقزدا بڵاوەیان پێ کرابوو و دەستیان بە پلۆمپکردنی دووکانەکان و نووسینی هۆشداری پلۆمپ لەسەر دووکانەکان کردبوو.

بەپێی زانیارییەکان زۆربەی دووکانەکانی ئەم شارە هۆشداری پلۆمپیان وەرگرتووە و ژمارەیەکی تر لە دووکانەکانیش بە کاغەزی تایبەت پلۆمپ کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەموو دووکانەکانی شەقامی "خومەینی" لە  بانکی میلەتەوە هەتا مەیدانی هەڵۆ بە هۆی پەیوەستبوون بە مانگرتنەکە پلۆمپ کراون.

ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار، شەش حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاگەیاندنێکی هاوبەش بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە بەم مانگرتنە پشتیوانیی خۆیان لە پەخشان عەزیزی دەرببڕن.

لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو: داوا لە هەموو جەماوەری تێکۆشەری کوردستان دەکەین کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان، لە هەموو کوردستان لە مانگرتنێکی گشتی لە دژی حوکمی لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانمان بەشدار بن و هەروەها سەرجەم ناوەندەکانی کار، بازاڕ و خوێندن دابخرێن. بەمجۆرە هێزی یەکگرتووی جەماوەر لە پێناو دابینبوونی ئامانجی سیاسی و ئینسانی خێرادا، نیشان بدرێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین باسی لە پشتڕاستکرانەوەی سزای ناوبراو لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە کرد.