کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی کوژراوانی ڕێوڕەسمی قاسم سلێمانی، خوازیاری وەرگرتنی پارەی خوێنی ئازیزەکانیانن

11:57 - 15 بەفرانبار 2724

ژمارەیەک لە بنەماڵەی کوژراوان و بریندارانی تەقینەوەکانی ساڵی ڕابردووی ڕێوڕەسمی قاسم سلێمانی خوازیاری وەرگرتنی "دیە"، پارەی خوێنی ئازیزەکانیانن.

حوسێن سوڵتانینژاد کە هەشت کەس لە ئەندامانی بنەماڵە و خزمەکانی لە تەقینەوەکانی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە کرمان کوژراون لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی جەماران باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەک لە بنەمالەی کوژراوان و بریندارانی ئەم ڕووداوە تووشی کێشەی کۆمەڵایەتیی و ئابووری بوونەتەوە و داواکارن کە دیەی ئازیزەکانیان وەربگرن.

ناوبراو پشتڕاستی کردووەتەوە کە بنەماڵەکان پارەی خوێنی ئازیزانیان دەوێت چونکە ئەوان لە ڕووداوێکدا لە نێو ئێراندا کوژراون بەڵام هیچ باسێک لە سەر پێدانی دیە بەم بنەماڵانە لە گۆڕێدا نییە.

سوڵتانینژاد زیادی کردووە کە لە ڕۆژانی یەکەمدا ڕێژەیەک لە "جانبازی" لەلایەن ڕێکخراوی "بونیاد شەهید"ـەوە بۆ بریندارانی ڕووداوەکە دیاری کراوە بەڵام دواتر ئەم بونیادە ژمارەیەک لە بریندارانی لە چوارچێوەی "جانبازان" سڕیوەتەوە و هەروەها ڕێژەی "جانبازی"ـی ژمارەیەکی دیکەیان کەمتر لەوەی کە بنەماڵەکانیان چاوەڕوان بوون دیاری کردووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانیان.

ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ ژمارەیەک لە لایەنگرانی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسداران، بەشدارییان کرد کە لەم ڕێوڕەسمەدا بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمب زیاتر لە ٩٠ کەس کوژران و نزیک بە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

داعش بەرپرسیارەتیی ئەم تەقینەوانەی گرتبووە ئەستۆ.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەو کاتەدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئەمریکاوە ڕایگەیاندبوو کە داعشی خوراسان ئەنجامدەری تەقینەوەکانی کرمان بووە.