کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: حوسییەکان دەخرێنە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییە بیانییەکانەوە

11:00 - 4 رێبەندان 2724

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بە دەرکردنی فەرمانێک ڕایگەیاند، پرۆسەی تاوتوێی دانانی "ئەنساروڵڵا"ی یەمەن ناسراو بە حوسییەکان، بۆ نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییە بیانییەکان دەستی پێ کردووە.

بەپێی ئەم فەرمانە، پێویستە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ڕاپۆرتێک لەسەر ئەم بابەتە بە سەرکۆمار بدات و دوای ئەوەش بۆ ئەوەی بە فەرمی ئەم گرووپە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنرێت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

لەم فەرمانەدا ئاماژە بەوە کراوە حوسییەکان بە پاڵپشتیی لقی قودسی سپای پاسداران لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا، هەروەها هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی عەربەستان، ئیماراتی عەرەبی و ئیسرائیل.

ئەم گرووپە میلیشیایە لە یەمەن هەروەها زیاتر لە ١٠٠ جار لە گەرووی بابولمەندەب هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم چوار دەریاوان و زیادبوونی تێچووی کەشتیوانیی جیهانی.

بەم فەرمانە ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە چالاکییەکانی حوسییەکان هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتییان و هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەلامەتی هاوپەیمانانی ناوچەکە و سەقامگیریی بازرگانی دەریایی جیهانی دەکەن.

دۆناڵد ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەم گرووپەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرا، خستە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی ئەمریکا، بەڵام جۆ بایدێن، دوای دەسبەکاربوونی بەو هۆکارە کە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ یەمەنییەکان زۆر دژوارە، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە.