
دەزگای دادوەریی فەرانسە جارێکی دیکە فەرمانی دەسبەسەرکردنیان بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سووریە بەهۆی تێوەگلانی لە هێرشە سەربازییەکانی ئەرتەشی سووریە لە ساڵی ٢٠١٧ لە دەرعا، کە لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنیی فەرانسەیی-سووری کوژرا، دەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ئەم بڕیارە کە لە ٢٠ی ژانویە دەرچووە، بەشار ئەسەدی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریە لە پەیوەندی لەگەڵ بوردومانی ساڵی ٢٠١٧ی دەرعا کە بووە هۆی کوژرانی سەڵاح ئەبونەبوەت هاووڵاتیی فەرانسەوی-سووری بە تاوانبار ناساندووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، هێلیکۆپتێرەکانی ئەرتەشی سووریە لە کاتی ئەم هێرشانەدا ماڵی سەلاح ئەبونەبوەتیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە، شەش بەرپرسی باڵای ئەرتەشی سووریە لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی ئەم هاووڵاتییە فەرانسەوی-سورییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرانسەوە داوا کراون.
ئەمە دووهەم جارە کە دەزگای دادوەریی فەرانسە فەرمانی دەسبەسەرکردن بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریە دەر دەکات، کە لە دێسامبری ٢٠٢٤ دوای ڕووخانی لەلایەن هێزەکانی تەحریروشامەوە بۆ ڕووسیە هەڵات.
فەرانسە بۆ یەکەمجار لە نۆڤامبری ٢٠٢٣ لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشە کیمیاییەکانی ساڵی ٢٠١٣ لە دۆما و ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات کە زیاتر لە هەزار کەس کوژرا، فەرمانی دەسبەسەرکردنی بۆ بەشار ئەسەد دەرکرد.
دەزگای دادوەریی فەرانسە بەشار ئەسەدیان بە بەشداریکردن لە "تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" لەم دۆسیەییەدا تۆمەتبار کردووە.