
حەفتەنامەی ئێکسپرێس لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا سەبارەت بە دۆخی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا، باسی لە ساڵێک کردووە کە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکات.
ئەم حەفتەنامە فەرانسەییە بە ئاماژەدان بە دۆخی کارەساتباری ئابووریی ئێران، لەدەستدانی سووریە و لوبنان و هەروەها گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕۆژانێکی ئەستەمدا بەرەوڕووە کە چارەنووسی دیاری دەکات.
ئێکسپرێس لە درێژەی بابەتەکەیدا و بە تیشک خستنەسەر دۆخی کارەساتباری کۆماری ئیسلامی هێناویەتی، لە ماوەی هەشت ساڵدا ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون لە ١٨ میلیۆن بۆ ٣٢ میلیۆن کەس زیادی کردووە، بەو واتایە کە زیاتر لە یەک لە سێی حەشیمەتی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە دژی هەژاری و پێشێلکردنی مافەکانیان پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا مووچە و داهاتی هاووڵاتییان لە ئێران زیاتر لە پێنج جار کەمی کردووەتەوە و هەر بەم بۆنەوە بچووکترین هەوڵی حکوومەت دەتوانێت پریشکەیەک بێت بۆ هەڵگیرسانی خۆپیشاندان و هێنانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان.
ئێکسپرێس لە درێژەدا نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران لەم مەترسییانەی کە باس کران بە باشی ئاگادارە و هەر بۆیە لە هێندێک بواری وەک بابەتی فیلتێرینگ و ڕاگەیاندنی یاسای نوێی حیجابی زۆرەملێ، تا ڕادەیەک پاشەکشێی کردووە".
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئەگەرچی وتارەکانی خامنەیی هەر وەک هەموو کات گوڕوتینی پێوە دیارە بەڵام لە ڕاستیدا ترس هەموو گیانی کۆماری ئیسلامیی تەنیوە.
ئەم حەفتەنامە فەرانسەییە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە لاوازبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دروستکردن و بوون بە جێگرەوەیەک بۆ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە، سەرەڕای ئەمانە ساڵی ٢٠٢٥ بەهۆی هاتنەوەی ترامپ دەبێتە ساڵێکی تۆقێنەر بۆ کۆماری ئیسلامی و جەختیشی کردووەتەوە کە هەوڵەکانی ڕێژیمی تاران بۆ تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ لە سیاسەتەکانی ناوبراو لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی کاریگەریی زیاتر دادەنێت.
ئێکسپرێس لە بەشێکی دیکەدا دەپەرژێتە سەر بابەتی قورسایی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست و ڕایگەیاندووە کە ئەم قورساییە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە قازانجی ئیسرائیل ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و ئەمە بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی داواکاریی ڕێژیم بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا دەزانێت.
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە چیدیکە مانۆڕەکانی سپای پاسداران توانای بەرهەڵستی نەماوە و ئەمە لە دوو هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر ئیسرائیل دەرکەوت.
ئێکسپریس هاتنەسەرکاری مەسعوود پزشکییان بە بژاردەی خامنەیی بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکادا دەزانێت و باس لەوە دەکات کە خامنەیی بە تەواوی دەستی بەتاڵ بووە و هەر بەم بۆنەوە مەسعوود پزشکییانی بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکادا هەڵبژارد.
ڕاپۆرتەکە لە پێوەندیی لەگەڵ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا بە دوور دەبینێت و زیادیشی کردووە کە شەش مانگی دیکە و پاش گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکان بۆ سەر تاران، دۆخەکە بەتەواوی لە کۆنتڕۆڵی ڕێژیمدا نامێنێت و لەو کاتەدا خامنەیی دەرفەتێکی کەمی بۆ وتووێژکردن دەبێت.