کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی کۆماری کوردستان لە ڕێوڕەسمێکی بەرین و بەشکۆدا

12:05 - 4 رێبەندان 2724

ڕۆژی چواشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٩یەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، کاک مستەفا مەولوودی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی ئەم یادە لە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئاماژەی بە کۆمەڵێک لە بەها و بایەخەکانی کۆماری کوردستان کرد.

بەڕێز مەولوودی لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر پەیام و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان کە تا ئێستا هەم حیزبی دێموکرات و هەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێی وەفادارن و وەک ڕێچکەیەکی وڵامدەر بۆ ویست و داخوازییەکانی سەردەمی ئێستای بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان قسەی لەسەر کردن.

لە درێژەی ڕێوڕەسمی یادی ٧٩ ساڵەی کۆماری کوردستان لە نێو پێشمەرگەکانی کوردستاندا، لەلایەن بەڕێزان؛ کاک کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کاک محەممەدساڵح قادری، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حیزب لە شاری هەولێر خەڵات و لەوحی ڕێزلێنان بەسەر کۆمەڵێک لە بەشدارانی دەورەی فێرکاری و هەروەها مامۆستایانی دەورەدا دابەش کرا کە لەلایەن بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.

نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکە بە چەند تابلۆیەکی جوانی هونەریی هەڵپەڕکی و گۆرانی و سروودی نیشتمانی کە لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبەوە ئامادە کرابوو ڕازێندرایەوە.